"تا ساڵی 2026 هاوكاریی ئەمەریكا بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و دواتریش رێككەوتنی نوێ دەكرێت"

:: AM:09:29:13/01/2024 ‌
ڕێككەوتنی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا، تا ساڵی 2026 بەردەوام دەبێت، لە چوارچێوەی ئەو ڕێككەوتنەش مانگانە ئەمەریكا وەك پاڵپشتی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە، 20 ملیۆن دۆلار دەنێرێت، سەرچاوەیەك لەوەزارەتی پێشمەرگە ڕای گەیاند، ئەو پێوەندییە لەگەڵ هێزەكانی ئەمەریكا بەردەوام دەبێت.

 ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رای گەیاند، بەگوێرەی ڕێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا- پێنتاگۆن، هاوكاریی مادیی هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە (25%) كەم كراوەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەكات، ساڵی 2026 هاوكارییەكە نامێنێت و ئەگەر هێزەكانی پێشمەرگە یەكبخرێنەوە، دەكرێت رێككەوتنی پێدانی هاوكارییەكە نوێ بكرێتەوە.

لیوا روكن بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، راِگەیاند، مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە هاوكارییەكەی هاوپەیمانان كراوە بە 15 ملیۆن دۆلاری مانگانە".

لە مانگی تشرینی یەكەمی 2022 لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، رێككەوتنی نێوان پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە واژوو كرا و بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەش، مانگانە 20 ملیۆن دۆلاری كاش هاوكاریی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرا و ساڵانەش 25% كەم دەكرێتەوە.

لە یەكەم هەنگاوی كەمكردنەوەشدا لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو، 25% كەم كرایەوە و لە  تشرینی ساڵی 2026 هاوكارییەكە بە تەواوی دەبڕێت. بەڵام سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە بە "وشە"ی راگەیاند، پێوەندییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا، لەوپەری باشیدان و لێكتێگەیشتنی بەردەوام هەن، هێزەكانی ئەمەریكا پێشمەرگە وەك هاوپەیمانی خۆیان دەبینین، بەڵام بەهۆی ئەو شەڕانەی ئەمساڵ لە دنیادا هاتوونەتە كایەوە، ئەمەریكا پێویستی بوو بودجەی وەزارەتی بەرگری وەك هاوكاری بۆ دۆستەكانی تریشی بنێرێت، بۆیە ناچار بوو هەموو ئەو هاوكارییانەی پێشتر كەمتر بكاتەوە.

 ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە كرد، جگە لە پارەی كاش، هاوكاریكردنی هاوپەیمانان لە بوارەكانی پێدانی چەك و تەقەمەنی، راوێژكاری و مەشق بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامن.

سەرچاوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی، دەكرێت رێككەوتنەكە جارێكی تر نوێ بكرێتەوە و هاوكارییەكان دوای ساڵی 2026 بەردەوام بن، ئەمەریكا بۆ ئەوە هیچ لارییەكی نییە و زۆریش پێویستی بەهاوكاریی كورد و هێزی پێشمەرگەیە لە ناوچەكەدا.

لە دوای هێرشی داعش لە 2014، هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، لە هەرێمی كوردستان ئامادەییان هەیە و بە چەندان شێوە هاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگەیان كردووە.



وشە - سۆران عەزیز