به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوه‌كانی كوردستان رای ده‌گه‌یه‌نێـت، خاوه‌نی 20 به‌نداوی بچووك و سێ به‌نداوی گه‌وره‌ین و ئه‌م حكوومه‌ته، گرنگی به دروستكردنی به‌نداو داوه، ئه‌وه‌یش بووه‌ته هۆی ئاوه‌دانبوونه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی به‌نداومان بۆ دروست كردوون.
ڕه‌حمان خانی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوه‌كانی كوردستان، به "وشه"ـی ڕاگه‌یاند، له به‌شی زۆری هه‌رێمی كوردستان، ڕێژه‌ی باران له ساڵی ڕابردوو زیاتر باریوه، به‌شی زۆری به‌نداوه بچووكه‌كان دروست كراون سه‌رڕێژ بوون، ئه‌وانه‌یشی ماون نزیك له سه‌رڕێژ بوون.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی به‌نداوه‌كان ده‌ڵێ، به‌نداوی دووكان سه‌رچاوه‌كانی ئاوی زیاتر بووه، به‌ڵام به‌راورد به ساڵی ڕابردوو چوار مه‌تر هێشتا كه‌متره، "ئێسته ئاو گل ده‌ده‌ینه‌وه". داهاتی ئاوی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان زۆرباشه به‌راورد به ساڵی ڕابردوو، 10 مه‌تر به‌رز بووه‌ته‌وه و ته‌نیا له 24 سه‌عاتی ڕابردوودا، له به‌نداوی دووكان 11 سانتیمه‌تر، به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان 15 سانتیمه‌تر و به‌نداوی دهۆك 20 سانتیمه‌تر ئاستی ئاویان به‌رز بووه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی قسه‌ی خانی، ئه‌و به‌نداوانه‌ی ئاویات تێدا گل ده‌درێته‌وه، 20 به‌نداوی بچووكن، له‌گه‌ڵ سێ به‌نداوی گه‌وره، به‌نداوه بچووكه‌كان ساڵی 2022 چوار به‌نداو ته‌واو كراون و له ساڵی 2023 دوو به‌نداوی ترمان ته‌واو كردووه، له به‌نداوی گۆمه‌سپانیش گلدانه‌وه‌ی ئاو ده‌ستی پێ كردووه.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه له‌م حكوومه‌ته‌دا پلانه‌كان فراوانن و بڕیاره له هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستان به‌نداو دروست بكرێت، له‌و شوێنانه‌ی به‌نداوی بچووكه‌كان دروست كراون، به‌رهه‌می كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری زۆر زیادی كردووه، به‌ته‌واوه‌تی ئه‌و گوندانه ئاوه‌دان كراونه‌ته‌وه.
هه‌ڵه‌بجه/ عه‌زیز ڕه‌سووڵ