ئەوەی ڤیدیۆ و وێنەی كچانی لابوو گیرا

:: PM:04:13:14/01/2024 ‌
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی خەلیفانی سەربە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سۆران، بەهۆی خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كەسێك گیرا كە وێنە و ڤیدیۆی كچانی لابوو.

ئەمڕۆ یەكشەم 14ـی كانوونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، لە 25ـی كانوونی یەكەم دوای تۆماركردنی چەندان سكاڵا لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەسەر كەسێك، كە پەیجێكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەناوی Hama Barzani  دروست كردبوو، هەڕەشەی لە چەندان ئافرەت كردبوو و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆكانیانی لێ كردبوون بەرانبەر بە پێدانی پارە، دوای هەوڵ و بەدواداچوونێكی زۆر، دوێنێ‌ گیرا.

باس لەوەش كراوە، بەپێی مادەی دووی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پێوەندی، توانرا هاووڵاتی (م. ڕ. ح) دانیشتووی هەولێر، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای هەولێر گیرا.

روون كراوەتەوە، تۆمەتباری داواكراو ددانی بە تەواوی ئەو هەڕەشانەدا نا لە هاووڵاتییانی كردبوو، كە خاوەنی چەندان ئەكاونتی جیاجیا بووە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بۆ ئەم بابەتە بەكاری هێناون.



وشە - رامیار جەواد