كەشناسی كوردستان: سەرما و بەفربارین دەست پێ‌ دەكات

:: AM:10:20:22/01/2024 ‌
كەشناسیی كوردستان رای دەگەیەنێت، لە ئەمڕۆوە پلەكانی گەرما دەست بە نزمبوونەوە دەكەن و لە ناوچەكانی رۆژئاوای هەرێم و پارێزگای دهۆك، نمەباران و بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكانی ئەم دەڤەرە دەست پێ دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی كانوونی دووەم، كەشناسیی كوردستان بڵاوی كردەوە، بەهۆی كاریگەریی نزمە پەستانی دەریایی سپی ناوەڕاست، ئاسمانی هەرێم ناسەقامگیر دەبێت بۆ چەند رۆژێك، بۆیە ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێم بەگشتی هەوری تەواو دەبێت، سەرەتا لە ناوچەكانی رۆژئاوای هەرێم و پارێزگای دهۆك نمەباران و بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكانی ئەم دەڤەرە دەست پێ دەكات، پاشان كاریگەریی درێژ دەبێتەوە بۆ زۆربەی ناوچەكانی هەرێم، لە كاتەكانی دوایی نیوەڕۆ لە ناوچە دەشتاییەكانی باشووری هەولێر و شاری كەركووك، ئەگەری كەمێك دابارینی تاوەباران و بروسكە هەیە.

كەشناسی دەڵێت، پلەكانی گەرما نزم دەبێتەوە بە ( 1 – 2) لە ناوچە شاخاوییەكان بە (2- 4 ) بەراورد بە تۆماركراوەكانی دوێنی.

لەبارەی كەشوهەوای سبەی ئاماژە بەوە كراوە، سبەی ئاسمان بەگشتی هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ دابارینی نمەباران و بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكاندا، لە كاتەكانی دوایی نیوەڕۆ ئەگەری كەمێك تاوەباران و بروسكە هەیە لە ناوچەكانی دەوروبەری شاری هەولێر، لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی هەرێم نزمتر دەبنەوە (1- 2) پلە بەراورد بە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ.
 
بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر     :  16 پلەی سیلیزی
سلێمانی   : 13  پلەی سیلیزی
دهۆك      : 13   پلەی سیلیزی
كەركووك   : 17 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە   : 13  پلەی سیلیزی
 زاخۆ    :   12 پلەی سیلیزی
گەرمیان  : 18 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران:   3پلەی سیلیزی
سۆران  :  9 پلەی سیلیزی

بەپێی پێشبینییەكانیش لە ڕۆژی پێنجشەم و هەینی، شەپۆلێكی بەفربارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد