لە گەرمیان مێرمنداڵێك بە ڕووداوی مین شەهید بوو

:: PM:02:36:23/01/2024 ‌
نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەقینەوەی مینێك رووی دا و بەهۆیەوە مێرمنداڵێك گیانی لە دەست دا. ئەو مێرمنداڵە لەگەڵ باوكی بوو بۆ شوانكاری چووبوونە ئەو شوێنە.

ئەمڕۆ سێشەم 23ـی كانوونی دووەم، دەزگای مین بڵاوی كردووەتەوە، مێرمنداڵێك بە ناوی "ڕەهێڵ ڕێبین عزیز" بە ڕووداوی مین شەهید بوو، كە دانیشتووی گوندی "عەلی میر"ی سەربە شارەدێی قۆرەتووە.

باس لەوەش كراوە، رەهێڵ لەگەڵ باوكیدا بووە كە كاری باوكی شوان بووە، لە كاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵەكانیدا، مێرمنداڵەكە دەستكاریی مینی كردووە و تەقیوەتەوە، ئاكام بووەتە هۆی شەهیدبوونی.

جێی ئاماژەیە رووداوەكە زیانی مادیشی هەیە كە 20 سەر ئاژەڵ بەركەوتوون. ئەمساڵ ئەمە یەكەم ڕووداوی مینە لە گەرمیان روو دەدات.

پێشتر دەزگای مین بڵاوی كردووەتەوە، لە كاتی بینینی مین و پارچە تەقەمەنی، دەستكاریی مەكەن و لێی دوور بكەونەوە، بێ بەرانبەر پێوەندی بكەن بە هێڵی گەرمی ژمارە 182ی دەزگای مین.



وشە - رامیار جەواد