41 ڕووفاتی كوردانی ئێزیدی گەڕێنرانەوە شنگال

:: AM:11:00:24/01/2024 ‌
ڕووفاتی 41 كەس لە كوردانی ئێزیدی كە ساڵی 2014 بەدەستی داعش كۆمەڵكوژ كرابوون، ئەمڕۆ چوارشەم  24 كانوونی دووەم،  لە رێوڕەسمێكدا لە سنووری شنگال بە خاك دەسپێرێن .

ڕووفاتی 41 كەسەكە بە ئامادەبوونی كەسوكاری قوربانییەكان، كەسایەتییە ئاینییەكان، برانە مۆنیۆمێنتی شەهیدانی كوردانی ئێزیدی، دوای تەواوكردنی رێوڕەسمە ئاینییەكانیش، لە چوار گۆڕستانی ناوچەكە بە خاك دەسپێرێن. رۆژانی 24 _ 25 _ 26ـی ئەم مانگە پرسەیان بۆ دادەنرێت.


 كاروان بەعەدرێ بەرپرسی راگەیاندنی بنكەی لالش، بە"وشە"ی راگەیاند، كەسوكاری قوربانییان و خەڵكی شنگال و كەسایەتییە ئاینییەكان، لە مۆنیۆمێنتی جینۆسایدی ئێزیدییان لە شنگال لە رێوڕەسمەكە ئامادەن و رووفاتەكان رادەستی كەسوكاریان دەكرێنەوە، رووفات خەڵكی گوندی حەردانن، سەرەتا ئەوانە بە كەسوكاریان دەدرێنەوە، دواتر 20 رووفاتی خەڵكی گوندی كۆچۆیە، دوو ڕووفاتیان خەڵكی كۆمەڵگەی خانەسۆر و سێ رووفاتیش خەڵكی گوندی قنێن.

ئەوە شەشەمین كاروانی رووفاتی كوردانی ئێزیدییە دەگەڕێنرێنەوە و كۆی گشتییان 188 رووفاتن، لە دادپزیشكی بەغداوە دوای رێكاری پشكنین رادەستی كەسوكارەكانیان كراونەتەوە.







 





وشە - سۆران عەزیز