لە گەرمیان ڕاوچییەك كوژرا و یەكێكی تریش بریندار بوو

:: PM:12:17:24/01/2024 ‌
لە سنووری گەرمیان تەقە لە پێنج راوچی دەكرێت، یەكێكیان دەكوژرێت و یەكێكی تریشیان بریندار دەكرێت، چواری تریان  گیراون، گومان دەكرێت داعش پەلاماری دابن.

ڕووداوەكە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەم 24ی كانوونی دووەم، لە ناوچە سەختەكانی پشت شارەدێی زنانە لە كفری ئیدارەی گەرمیان رووی داوە. "راوچییەكان پێنج كەس بوون، یەكێكیان كوژراوە و یەكێكی تریشیان بریندارە".

 لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە، ئاماژە بەوە كرا كە لەلایەن پۆلیسی دارستانەوە تەقەیان لێ كراوە، بەڵام بەڕێوەبەری شارەدێی زنانە دەڵێت، "راست نییە و ئەمشەو پۆلیسی دارستانی سنوورەكە هیچ دەرچوونێكیان نەبووە".

 بەهۆی جیۆگرافیای ناوچەكەوە ئەو دەڤەرە كەوتووەتە ناو بۆشایی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی حكوومەتی عێراق، مانگێك پێش ئێستە داعش لەم سنوورە هەبوون، ئیستەش گومان دەكرێت داعش تەقەی لێ كردبن، یان خۆیان فیشەكیان لە دەست دەرچووبێت و بیانەوێت ڕووداوەكە پەردەپۆش بكەن". بەڕێوەبەری شارەدێكە وادەڵێت.

وەهاب ئەحمەد بەڕێوەبەری شارەدێی نەوجول ڕای گەیاند، پێنج راوچییەكە سەرقاڵی ڕاوكردن بوون، ئۆتۆمبێلێكی جۆری پاترۆڵیان پێ بووە و دوو جار تەقەیان لێ كراوە. گوتیشی، "گومان دەكەین چەكدارانی داعش تەقەیان راوچییەكان كردبێت، چونكە لەمدواییانەدا جووڵەیان لەو ناوچەیە زیادی كردووە".

بەگوتەی وەهاب ئەحمەد، هێزەكانیان دەستیان بە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە كردووە، ئەو ناوچەیەی ڕاوی تێدا كراوە، مەترسیدارە. ئاماژەی بەوەش كرد، "ئەو راوچییانەی لە رووداوەكەدا رزگاریان بووە، گیراون و لێكۆڵێنەوەیان لەگەڵدا دەكرێت".  



وشە - سۆران عەزیز