كۆبوونەوەیەكی گرنگی هەردوو وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا و كاروباری پێشمەرگە بەڕێوە چوو

:: PM:07:58:30/01/2024 ‌

لە چوارچێوەی بەردەوامیی هاریكاری و هاوئاهەنگییەكانی نێوان وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا، كۆبوونەوەی دەستبەكاربوونی كۆمیتەی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری لەنێوان هەردوو وەزارەت ساز كرا و هەردوو وەزارەت راگەیەنراوێكیان بڵاو كردەوە.

وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا و هەرێمی كوردستانی عێراق، لە 29ی كانوونی دووەمی 2024، كۆبوونەوەی كۆمیتەی بەڕێوەبەری جێبەجێكارییان بۆ پرسی پێشمەرگە لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە هەولێر ئەنجام دا.

كۆبوونەوەكە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو پێشكەوتنانە بوو كە لە پرۆسەی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگەدا بەدی هاتوون،‌ لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێكگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا و وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لە ئەیلوولی 2022 نوێ كراوەتەوە.

كۆمیتەكە ئەو پێشكەوتنانەی خستە روو كە بۆ چاكسازیی لە هێزی پێشمەرگەدا بەدەست هاتوون، هەروەها لەسەر خاڵە سەرەكییەكان بۆ ساڵی داهاتوو رێك كەوتن، وەك بەشێك لە پابەندیی هاوبەش و درێژخایەن بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بنیاتنانی هێزێكی پیشەیی، كە بتوانێت تێكشكاندنی یەكجارەكیی داعش مسۆگەر بكات.

وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە پێشكەوتنی بەرچاوی لە پرسی چاكسازی لە پێكهاتەی دارایی و هێزەكاندا بەدەست هێناوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا و وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە بە خۆشحاڵییەوە دەڕواننە بەردەوامیی هەوڵەكانی چاكسازی كە لە یاداشتنامەی لێكگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا و وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 2022 دا هاتووە. وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پشتگیری لە گەلی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە دەكات، بۆ بنیاتنانی عێراقێكی بەهێز و سەقامگیر و خاوەن سەروەری.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل