دكتۆر فازڵ نه‌بی بریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی حكوومه‌تی عێراق پێی وایه، شیعه‌كان به‌دوای بیانوودا ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی یاسای بودجه هه‌موار نه‌كرێته‌وه. به‌شدارینه‌كردنی زۆرینه‌ی نوێنه‌رانی كورد له دانیشتنه‌كه‌ی دوێنێی په‌رله‌مانی عێراق كه تایبه‌ت بوو به ده‌ركردنی هێزی بیانییه‌كان، ده‌توانێ بیانوویه‌كی تریان بێت.
ئه‌و بۆ ''وشه'' ئاماژه‌ی دا، دوای به‌شدارینه‌كردنی كورد و سوننه له كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێ، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌و دوو لایه‌نه ناخوازن ھێزه‌كانی ھاوپه‌یمانان له عێراق ده‌ربچن. شیعه‌كان فشاری زیاتر له كورد و سوننه ده‌كه‌ن و وایان كردووه كه‌س متمانه‌یان پێ نه‌بێت.
وه‌ك زیاتر خستیه روو، بابه‌تی رازی نه‌بوون به چوونه ده‌ره‌وه‌ی بیانییه‌كان، ته‌نیا تایبه‌ت نییه به كورد و سوننه، به‌ڵكو به‌شێك له شیعه‌كانیش به‌شدار نه‌بوون و ترسیان هه‌یه چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هێزانه ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی له عێراق زۆر زیاتر بكات و كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئابووری به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
به‌گوته‌ی نه‌بی، داواكارییه‌كه ته‌نیا هی گرووپه چه‌كداره‌كانه و ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له حكوومه‌تدا به‌شدارن، له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا نین و باش ده‌زانن ئابووریی عێراق به ئه‌مه‌ریكاوه به‌نده.
ئه‌وان پێشتریش بیانوویان به كورد ده‌گرت و له یاسای بودجه‌دا گورزیان له كورد دا
''ئه‌وان پێشتریش بیانوویان به كورد ده‌گرت و له یاسای بودجه‌دا گورزیان له كورد دا، ئێسته‌یش به‌دوای بیانووی تردا ده‌گه‌ڕێن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لاواز بكه‌ن.'' فازڵ نه‌بی وای گوت.
بریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق روونی كرده‌وه، مووچه پێوه‌ندیی به‌ژیانی رۆژانه‌ی ھاووڵاتییانه‌وه ھه‌یه و هه‌ر ده‌بێ چاره‌سه‌ر بكرێت.
پێویسته بگوترێ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق، له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتوون یاسای بودجه هه‌موار بكرێته‌وه و گۆڕانكاریی به‌سه‌ر چه‌ند ماده‌یه‌كدا له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستاندا بهێنن، به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنه ده‌بێت زۆرینه‌ی په‌رله‌مان ده‌نگی پێ بدات.
هه‌ولێر\بڵند ئیبراھیم