لە دهۆك ساڵی ڕابردوو 556 كتێب چاپ و بڵاو كراونەتەوە

:: PM:02:00:12/02/2024 ‌
بەڕێوەبەری گشتی و رۆشنبیری و پەرتووكخانەی بەردخانیان لە دهۆك ڕای گەیاند، ساڵی ڕابردوو 556 كتێب لە دهۆك چاپ و بڵاو كراونەتەوە، هاوكات هەندێك كتێبیش لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكە چاپ دەكرێن كە ژمارەی سپاردن وەرناگرن.

مەسعوود بووتی بەڕێوەبەری گشتی و رۆشنبیری و پەرتووكخانەی بەردخانیان لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" ڕای گەیاند، ئەو رێژە كتێبەی چاپ كراون، بەشێكی زۆری كتێبفرۆشەكان چاپیان كردوون، چونكە ئەوان باشتر دەتوانن خوێنەر بۆ كتێب دروست بكەن، بەشێكی زۆری ئەو كتێبانەی دەزگا فەرمییەكانی حكوومەت چاپیان دەكەن، ئەم بەشەی كەمتر دەخرێنە بازاڕەوە و زۆرتر بەدیاری دەدرێن بەخوێنەران.

گوتیشی، ئێستە دۆخی خوێندنەوە لە دهۆك گەلێك باشتر بووە، بەشێكی زۆری خوێنەری ئێستەی دهۆكیش گەنجانن كە بەدوای سەرچاوەی جۆراوجۆری ڕۆشنبیرییەوەن، ئەمەش مایەی دڵخۆشییە گەنجانمان تینووی كتێب و خوێندنەوە بن.

بەڕێوەبەری گشتیی كتێبخانە گشتییەكانی هەرێمی كوردستان، پێشتر بە"وشە"ی رای گەیاندبوو، لە ساڵی 2023 لە هەرێمی كوردستاندا دوو هەزار و 600 كتێب چاپ و بڵاو كراونەتەوە. 




وشە - سۆران عەزیز