تا هەمواری یاسای بودجە دەكرێت ناردنی 618 ملیار دینارەكە بەردەوام دەبێت

:: AM:09:24:13/02/2024 ‌
پەرلەمانتارێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای دەگەیەنێت، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی دیاری كراوە و تا یاسای بودجە هەموار دەكرێتەوە، مانگانە بڕی 618 ملیار دینارەكە دێتە ناردن.

ئەمڕۆ سێشەم 13ـی شوبات، نەهلە قادر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "وشە"ـی راگەیاند، ناردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق خێر و منەت نییە، بەڵكو مافێكی یاسایی و دەستووری خەڵكی هەرێمی كوردستانە.

زیاتر گوتی، ئەركی حكوومەتی فیدراڵە مانگانە مووچە و شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە بكات، پێویستە ناردنی 618 ملیار دینارەكە بەردەوام بێت تا یاسایی بودجەی گشتی عێراق هەموار دەكرێتەوە، چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ لەسەر ناردنی پارەكە رێككەوتوون.

باسی لەوەش كرد، هیچ پەرلەمانتارێك بۆی نییە قسە لەسەر رێگرییەكانی ناردنی پارە لە بەغداوە بكات بۆ هەرێمی كوردستان، فەرمانبەرانی هەرێم دڵنیا دەكەینەوە تا هەمواركردنەوەی یاسایی بودجە، مانگانە پارە لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت بە مەبەستی دابەشكردنی مووچە.

روونی كردەوە، حكوومەت و پەرلەمانتارانی كورد بەردەوامن لەسەر زامنكردنی مافە داراییەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و بڕیارە بەپێی رێككەوتنی هەردوو حكوومەت پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەكاتی هەمواركردنی یاسایی بوودجە بەشێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكرێت.


وشە - رامیار جەواد