كەشناسیی كوردستان هاتنی شەپۆلێكی بەهێزی بارانی راگەیاند

:: PM:01:02:13/02/2024 ‌
كەشناسیی هەرێمی كوردستان راپۆرتێكی بڵاو كردەوە و تێدا هاتنی شەپۆلێكی بارانبارینی راگەیاند، ڕۆژی پێنجشەم لە كاتەكانی بەرەبەیان، لە ئەنجامی زیادبوون و بەهێزبوونی شەپۆلی بارانبارین لە سەرجەم ناوچەكەمان، ئاستی باران دەگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەند و لێزمەباران.

ئەمڕۆ سێشەم 13ـی شوبات، كەشناسیی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، لە ئەنجامی یەكگرتنی هەردوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، لە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەم شەپۆلێكی بارانبارین ڕوو لە سەرجەم ناوچە جیاجیاكان دەكات، سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆك دەست پێ دەكات، پاشان بارانبارین لە ئێوارەدا ئاستی زیاد دەكات بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەكان و سنووری پارێزگای دهۆك، پاشان سنووری پارێزگای هەولێر.

باس لەوەش كراوە، ڕۆژی پێنجشەم لە كاتەكانی بەرەبەیان لە ئەنجامی زیادبوون و بەهێزبوونی  شەپۆلی بارانبارین لە سەرجەم ناوچەكەمان، ئاستی باران دەگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەند و لێزمەباران، لەگەڵ بارانباریندا شەپۆلێكی هەورەتریشقە و زیادبوونی خێرایی با كە هەندێ كات دەگاتە سەرووی 25 كم لە سەعاتێكدا.

روون كراوەتەوە، لەگەڵ بارانبارین، ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە، پێشبینیی باران لە ماوەی كاریگەریی ئەم شەپۆلە لە سەرووی 30 ملم لە سەنتەری پارێزگاكان، ناوچە شاخاوییەكانیش لە سەرووی 45 ملم.

ئەوەیش هاتووە، لە كاتەكانی ئێوارەی ڕۆژی هەینی، كاریگەریی ئەم شەپۆلە لەسەر سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆك و ناوچە شاخاوییەكان لاواز دەبێت، بەڵام كاریگەریی لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی و كركووك و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، بارانبارین بەردەوامیی دەبێت و كاریگەری ئەم شەپۆلە لە كاتەكانی شەوی پێنجشەم وردەوردە لاواز دەبێت .




وشە - رامیار جەواد