"هەڕەشەی پەرلەمانتارە شیعەكان گرفت بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی كوردستان دروست ناكات"

:: PM:01:45:13/02/2024 ‌
نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران رای گەیاند، پێم وانییە هەڕەشەی پەرلەمانتارە شیعەكان" گرفت بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی كوردستان دروست بكات و دەشڵێت، تا كۆتایی ئەم مانگە 618 ملیاری تر بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 13ی شوبات، نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق" لە لێدوانێكی رۆژنامەانیدا رای گەیاند، ئەو پەرلەمانتارانەی شیعە كە هەڕەشەی دروستكردنی ئاستەنگیان بۆ هەمواركردنی یاسای بودجە كردبوو، پێم وانییە وابێت و كێشە دروست بكەن، چونكە لێدوانەكان هەڵوێستی تاكەكەسین، نەك هەڵوێستی فەرمیی فراكسیۆنەكانی ئەو پەرلەمانتارانە.

گوتیشی، ئەو لێدوانانە هیچ مەتریسییەك دروست ناكەن، ئەگەر لەگەڵ فراسیۆنەكان و حزبەكانیان رێك بكەوین، ئەوكات ئەو لێدوانانە تەنیا وەك لێدوان دەمێننەوە.

نەرمین مەعرووف ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕوان دەكرێت تا كۆتایی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیران، هەمواری یاسای بودجە تەواو بكات و لە سەرەتای مانگی داهاتووشدا بگاتە ئەنجوومەنی نوێنەران.

باسی لەوەش كرد كە مانگانە حكومەتی عێراق 618 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، تا كۆتایی ئەم مانگە حكوومەتی عێراق 618 ملیاری تر بۆ هەرێم ڕەوانە دەكات.



وشە - سۆران عەزیز