ئایا دۆخی تەندروستیی كۆسرەت ڕەسووڵ هی ئەوەیە بیهێننەوە ناو ململانێكان و وێنەی نیشان بدرێت؟

:: AM:09:35:14/02/2024 ‌
لە نوێترین دەركەوتنیدا كۆسرەت ڕەسووڵ، لە سەرووی سەرۆكی یەكێتی لەسەر كورسییەك دانراوە و دەرباز كۆسرەتیش لە خوارەوەیەتی، ئەم دەركەوتنە دوای ئەو دەنگۆیانە هات كە دەگوتران بافڵ جەلال تاڵەبانی بە پەلاماردانی كوێخا دێرین، پەیامێك بە باڵی كۆسرەت ڕەسووڵ لەناو یەكێتیدا دەدات.

لەبارەی دۆخی تەندروستیی كۆسرەت ڕەسووڵ و پێشاندانی بەو جۆرە لەم دوو ڕۆژەدا، هەندێك قسەوباس هاتوونەتە ئارا، بەشێك لە خەڵك پێیان وایە كوڕەكانی كۆسرەت ڕەسووڵ ناهەقی بەرانبەر بە باوكیان دەكەن لەبەرئەوەی تەندروستی ئەوەی نەماوە بێتە ناو مەجلیس و وێنەشی پێشان بدرێت، بەشێكیش لە هاووڵاتییان باس لەوە دەكەن، كوڕەكانی كۆسرەت ڕەسووڵ دەیانەوێ بە یەكێتی بڵێن هێشتا كاك كۆسرەت ماوە و تا ئەویش مابێت باڵەكەی بەهێز دەمێنێتەوە.

د. سەرسام عەزیز كە نووسەرە و لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" گوتی، ئەم ڕۆژانە دەبینین كە وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بەهۆی نەخۆشییەوە، دەوام و كاری جێهێشتووە و كەسێكی لەجێی خۆی داناوە، تا ئەو كاتەش پزیشكەكان ڕێی پێ نەدەن، نایەتەوە دەوام و خۆی پێشانی كەس نادات، بەڵام ئێمە لە كوردستان بەجەنازەیش بەرپرسان دێنینەوە سەر شاشە و بەو جۆرە نەخۆشی و ماندووبوون و بێ ئاگاییەوە، پێشانی خەڵكی دەدەین و دەمانەوێ بڵێین ماوە، لە كاتێكدا ئەو دەمێكە بەڕاستی تەواو بووە.

باسی لەوەش كرد، ئەمەی ماڵی كاك كۆسرەت هەر ئەوەیە كە باسم كرد، دەیانەوێ بەیەكێتی بڵێن كاك كۆسرەت ماوە، بەم جۆرە ئیش لەسەر ناوی كۆسرەت دەكەن تا وەك هێز لەناو یەكێتی بمێننەوە، بەڵام بەڕاستی كاك كۆسرەت هی ئەوە نییە وێنەی پێشان بدرێ، هەقە كوڕەكانی ئەوەندە رێزی بگرن، لەم كاتانەدا نەیهێننەوە ناو ئەو ململانێیانە.



وشە - سۆران عەزیز