گرووپە چەكدارەكان چۆن دەستیان بەسەر ئابووریی پارێزگەی نەینەوادا گرتووە؟

:: PM:10:49:17/02/2024 ‌

لە ساڵانی رابردوو، بەتایبەتی لەدوای ئازادكردنەوەی پارێزگەی نەینەوا لە داعش، گرووپە چەكدارە شیعەكان، جیا لە بارەگە و هێزی چەكداری، نووسینگەی ئابوورییان دامەزراند، ئەوان دەسەڵاتی خۆیان بۆ كۆنترۆڵكردنی بازاڕ و تەواوی كەرتی ئابووری پارێزگەكە بەكار هێنا و ئێستەش بەردەوامن، سەرچاوەیەك پەرەدە لەسەر چالاكییەكانیان هەڵدەماڵێت، چۆن دەستیان بەسەر كەرتی ئابووریی ئەو پارێزگەیەدا گرتووە و لە پڕۆژە گەشتیارییەكان و چێشتخانە و مۆڵ و پێشانگەی ئۆتۆمبێل و هیتریش هاوبەشن.

ساڵی رابردوو عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا رای گەیاند، نووسینگە ئابوورییەكانی حزب و گرووپە چەكدارەكان دەستیان بەسەر چالاكیی دامەزراوە حكوومەتییەكان لەو پارێزگەیەدا گرتووە، كاتێك زۆرێك لە بەرپرسانی نەینەوا لەگەڵ ئەو نووسینگانە هاوكارن و رێگە بە دەستگرتنیان بەسەر مەزاد و پڕۆژەكان و بازاڕ و زەوییە كشتووكاڵییەكان دەدەن.

ئێستە لە نەینەوا نووسینگە ئابوورییەكانی سەر بە گرووپە چەكدارەكان سەرپەرشتیی كاری قاچاخی و دزینی بەرهەمەكانی نەوت و فرۆشتنی كبریت لە كێڵگەكانی میشراق دەكەن، جیا لەوە رێژەیەك لە قازانجی هەموو كارگەكان وەردەگرن، بەتایبەتی كارگەكانی چیمەنتۆ، وەك كارگەكانی بادۆش و حەمام عەلیل و شنگال، دەستیان بەسەر مەقلەعەكانی بەرد و لم لە رووباری دیجلەدا دا گرتووە و خاوە لە خاوەنەكانیان وەردەگرن، لەپاڵ دەستگرتن بەسەر موڵكوماڵی وەقفی سوننە و لەوانەش تەلار و دووكانەكان، وەك بەرپرسێكی دیوانی پارێزگەی نەینەوا ئاشكرا دەكات.

سەرچاوەیەك لەوبارەوە دەڵێت، چەندان پڕۆژەی گەشتیاری وەك پارك و شارەكانی یاری و چێشتخانە و مۆڵە گەورەكان و پێشانگەكانی ئۆتۆمبێل و هۆڵەوكانی ئاهەنگێڕان، پارە بە نووسینگە ئابوورییەكانی ئەو گرووپە چەكدارانە دەدەن، یان هەر پشكیان تیایاندا هەیە، گرووپەكانیش لەنێوان خۆیان ناوچەكانیان دابەش كردووە، بەتایبەتی گرووپەكانی عەسائیب ئەهلولحەق و نوجەبا و كەتیبەكانی شەید شوهەدا و بابلیوون و شەبەك و هیتریش.

ئەسیل نوجێفی، پارێزگاری پێشووتری نەینەوا پێشتر ئاشكرای كردبوو كە تەنیا ئەو بڕە پارەی لە فرۆشتنی نەوتی كیڵگەی نەوتی نەجمە لە باشووری مووسڵ لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو دزراوە، سێ ملیار دۆلار زیاترە، واتە 5.5 ترلیۆن دینار، ئەو پارە  چووەتە گیرفانی نووسینگە ئابوورییەكانی گرووپە چەكدارەكان و بەشی دروستكردنی پێنج نەخۆشخانەی 400 قەروێڵەیی و 10 نەخۆشخانەی 100 قەروێڵەیی و فڕۆكەخانەیەكی گەورە و 500 قوتابخانە و پڕۆژەی تریش دەكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل