سەركردەیەكی سۆسیالیست: تەنیا هەندێك گۆڕانكاریی ناوخۆیی بۆ هەڵبژاردن كراوە

:: PM:08:22:18/02/2024 ‌

ئەمڕۆ لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان، باسی دروستبوونی كێشە و رووبەڕبوونەوەی ناوخۆیی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كرا، بەتایبەتی لە نێوان محەمەدی حاجی مەحموود، سكرتێری گشتیی حزبەكە و عەبدوڵا حاجی مەحموودی برای، ئەندامێكی سەركردایەتیی ئەو حزبە دووپاتی دەكاتەوە كە وەك ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردن، تەنیا گۆڕانكاریی ناوخۆیی بووە و گرفتێك رووی نەداوە.

ئەمڕۆ یەكشەم، 18ی شوباتی 2024، فەرهاد تۆفیق، بەرپرسی مەڵبەندی یەكی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی لە راگەیەندنەكان لەبارەی گرژی و رووبەڕبوونەوە باس كراوە، هیچ شتێكی لەو جۆرە نەبووە و تەنیا هەندێك شتی بچووك لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییە ناوخۆییانەی حزب بووە.

باسی لەوەش كرد، حزبی سۆسیالیست لە چوارچێوەی ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، هەندێك گۆڕانكاری ناوخۆیی حزبی كردووە، ئەو گۆڕانكارییانەش ئەنجامدران و هیچ كێشەیەك نییە، ئەوەشی باس لە كودەتا و هەر شتێكی تر دەكرێت، هیچ بنەمایەكی نییە و هەمووان هەر سۆسیالیست و یەك حزبین.

روونی كردەوە، ئەو لیوایەی سەر بە سۆسیالیست باس دەكرا، كە چووبێتە ناو حزبێك، راست نییە و هەمووی قسەی راگەیاندنە، لە رۆژانی داهاتووش كێشەكان چارەسەر دەبن.

بەرپرسێكی تری سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو گرژییانەی ئەمڕۆ لە گوڵەخانە روویان دا، لە چوارچێوەی ئەو كێشانەی رابردوو بووە و سەری نەكێشاوە بۆ كاری تر، هەمووان لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانین.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل