شاندی دانوستانكاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و تیمی باڵای وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی گواستنه‌وه و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و گاز كۆبوونه‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوێكی حكوومه‌ت، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له دوایین پێشهاته‌كانی ناو پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و پێوه‌ندی و گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا سه‌باره‌ت به یاسای بودجه و نه‌وت كرا، تیشك خرایه سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم له چوارچێوه‌ی به‌رگری له مافه ده‌ستووریه‌كانی هه‌رێم به ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نیازی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ری ریشه‌یی دووپاتی لێ كرایه‌وه، ئاماژه به‌وه درا ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم بووه ئه‌نجامیداوه تا گفتوگۆكان بگه‌نه ڕێكکه‌وتن و چاره‌سه‌ر و خواستی هه‌رێم بۆ هه‌رچی زوو ده‌ست پێ كردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری كۆمپانیاكان خرایه‌ڕوو به جۆرێك كه ئه‌م پرسه پێویستی به ڕێگاچاره‌ی هاوبه‌ش و لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌شی هه‌موو لایه‌كه لەبارەى تێچووی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت.
هه‌ر له درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باس له‌و ئاڵنگارییانه كرا كه به‌هۆی بارودۆخی ئابووری هاتوونه پێش، به بایه‌خ و سوپاسه‌وه باس له پشودرێژی كۆمپانیاكان كرا، ئاماژه‌ش به‌وه درا به پێكه‌وه‌یی و كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كاره‌كانیان سه‌ركه‌وتووتر ده‌بن، هاوئاهەنگى و كاری هاوبه‌ش به پێویست زانرا له پێناو ده‌ست پێ كردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم كه ڕۆڵی گرنگی ده‌بێت له بوژاندنه‌وه‌ی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و عێراق.