زۆرترین هاووڵاتیی دهۆك كارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرهێناوە و سلێمانی لە كۆتایی ریزبەندییەكەیە

:: AM:09:25:20/02/2024 ‌
بەهۆی ژمارەی زۆری ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی كوردستان كە تا ئێستە بایۆمەترییان نوێ نەكردووەتەوە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، پرۆسەكەی تا كۆتایی ئەم مانگە درێژ كردەوە، بەپێی‌ نوێترین ئاماری كۆمسیۆنی عێراق، هاووڵاتییانی دهۆك لەسەر ئاستی عێراق زۆرترین بەشدارییان هەیە.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی شوبات، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕای گەیاند، زۆرترین رێژەی بەشداری بۆ نوێكردنەوە و تۆمار بۆ دەنگدان لەسەر ئاستی عێراق، لە پارێزگای دهۆكە و كەمترینیان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای سلێمانییە.

بەپێی ئەو ئامارەی بڵاو كراوەتەوە، لە ماوەی 15 ڕۆژی رابردوودا، لە دهۆك 10 هەزار و 931 هاووڵاتی بەشدارییان كردووە لە نوێكردنەوە و دەرهێنانی كارتی دەنگدان كردووە، لە هەولێریش شەش هەزار و 187 هاووڵاتی بەشدارییان كردووە.

لە ئامارەكەدا ئەوەیش هاتووە، لە پارێزگای سلێمانی سێ‌ هەزار و 946 هاووڵاتی بەشدارییان كردووە كە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا كەمترین رێژەی بەشدارییە.

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ماوەی 20 ڕۆژی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دیاری كردبوو تا كارتی بایۆمەترییان نوێ بكەنەوە، بەڵام ئێوارەی دوێنێ‌ كۆمسیۆنی عێراق بڕیاری درێژكردنەوەی ئەو كاتە تا یەكی ئادار راگەیاند.


وشە - رامیار جەواد