گەرمیان وشكەساڵی تێپەڕاند و جووتیارە زیانلێكەوتووەكانیش قەرەبوو دەكرێنەوە

:: PM:02:06:20/02/2024 ‌
لە دوای بارینی ئەم شەپۆلە بارانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، مەترسیی وشكەساڵی لە دەڤەری گەرمیان نەماوە. بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەلاریش دەڵێت، بارانی ئەمساڵ لەگەڵ ساڵی پار بەراورد ناكرێت.

سامان ئەحمەد بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەلار، لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" گوتی، ساڵی پار نیوەی ئەوەی تا ئێستە باریوە باران نەباریبوو، بۆیە ساڵی پار بەدەست وشكەساڵییەوە گیرۆدە بووین، بەڵام خۆشبەختانە ئەمساڵ تا ئێستە كە هێشتا نیوەی ساڵەكەیە، باشترین باران باریوە.

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەلار زیاتر گوتی، ئەمساڵ زیاتر لە دوو هێندەی پار باران باریوە و پێشبینیش دەكرێت زۆر زیاتر ببارێت، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەمساڵ گەرمیان كێشەی وشكەساڵیی نابێت.

بەهۆی بارانی ئەم چەند رۆژەی رابردوو، لافاو لە دەڤەری گەرمیان زیانی هەبوو، زیاتر لە 53 ماڵ زیانیان بەركەوتبوو، نزیكەی 120 پوورەنگیش فەوتابوون، زیاتر لە 10 سەر ئاژەڵیش بەهۆی لافاوەكەوە خنكاون، جووتیارانی ئەو دەڤەرەش زیانیان بەركەوتووە.

جەلال ئەحمەد لێپرسراوی لقی گەرمیانی كۆمەڵەی جووتیارانی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ"وشە" داوا لە جووتیارانی گەرمیان دەكات، ئەوانەی زیانیان بەركەوتووە، ناوی خۆیان لە هۆبەكانی كشتوكاڵی تۆمار بكەن، بۆ ئەوەی قەرەبوویان بكرێتەوە.




وشە - سۆران عەزیز