بودجەی هەمواركراوی 2024 كەی دەگاتە پەرلەمانی عێراق؟

:: PM:06:02:20/02/2024 ‌

لە 2023 عێراق و هەرێمی كوردستان ساڵێكی سەختی داراییان بەڕێ كرد، كە سەرەڕای ئەوەی لە ناوەڕاستی ئەم ساڵە پەرلەمان بودجەیەكی گەورەی سێ ساڵی پەسند كرد، بەڵام تەواوی بودجەكە نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە، بەتایبەتی پیچوەست بە پشكی هەرێمی كوردستان كە بڕێكی كەمی پارە بە قەرز بۆ رەوانە دەكرا، ئێستە عێراقییەكان چاوەڕوانی پەسندكردنی بودجەی هەمواركراوی 2024ن، بۆ ئەوەی كێشەكانی 2023 دووبارە نەبێتەوە.

موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەكات بودجەی هەمواركراوی 2024ی عێراق لە سەرەتای مانگی داهاتوو بێتە پەسندكردن، روونی كردەوە، لیژنە تایبەتمەندكانی پەرلەمان لە 10ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ دەستیان بە پێداچوونەوە و هەمواری رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق كردووە، بۆیە پێشبینی هەیە لە كۆتای ئەم مانگە یان لە سەرەتای مانگی ئاداری داهاتوو بدرێتە پەرلەمان.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی لەوە كردەوە كە پەسندكردنی بودجەكە زۆر دواكەوتووە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە سەرەتای مانگی ئاداری داهاتوو پڕۆژەكە پەسند بكرێت، چونكە دواكەوتنی زیاتری كاریگەری تەنیا لەسەر هەرێمی كوردستان نابێت، بەڵكو لەسەر تەواوی عێراق هەیە، چونكە بابەتی زۆر پێوەستن بە ژمارەكان ناو پڕۆژەكە و پێویستە بە زووترین كات پەسند بكرێت، رای گەیاند، گەلی كورد پێویستی بەو یاسایەیە و شایەنی ئەوەیە بەو هۆیەوە یاساكە بە زووترین كات بێتە پەسندكردن، بەوەش كێشەی پشكی هەرێم چارەسەر دەبێت. 

لای خۆیەوە جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، تا ئێستە نازانرێت حكوومەتی عێراق كەی خشتەكانی یاسای بودجەی 2024 رەوانەی پەرلەمان دەكات، هەروەها ئەو خشتانە لەبارەی تەرخانكردنی پارە بۆ پڕۆژە و خەرجییەكانی تریش چیان تیادایە، جیا لەوە نازانین رێژەی كورتهێنان چەندە، بەڵام پێویستە حكوومەتی عێراق بە زووترین كات وردەكاریی بودجەی 2024 رەوانەی پەرلەمان بكات، بۆ ئەوەی چاوی پیادا بخشێنین و تاوتوێی بكەین، ئەگەری گۆڕانكاریش لە یاساكە هەیە، كە ئەوە لە دەسەڵاتی پەرلەماندایە.    


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل