دوو بەرپرسی باڵای داعش گیران

:: PM:06:01:24/02/2024 ‌

راپۆرتەكانی هەواڵ دووپاتی دەكەنەوە كە سەرەڕای سەركەوتنی سەربازی بەسەر رێكخراوی داعش لە عێراق و سووریا، بەڵام شانە نوستوو و پاشماوەی رێكخستنەكانی ئەو رێكخراوە ماون و چاوەڕوانی هەل دەكەن بۆ ئەنجامدانی چالاكی، جیا لەوە ئەو ژینگەی كاتی خۆی داعش تیایدا گەشەی كرد، ئێستە هەر ماوە، هەموو ئەوانە وا دەكەن كە مەترسیی داعش بەردەوام بێت، ئەمڕۆ هەواڵگریی عێراق گرتنی دوو بەرپرسی باڵای داعشی راگەیاند.

شانەی راگەیاندنی تەناهیی عێراقی لە بەیاننامەیەكدا گرتنی دوو بەرپرسی باڵای داعشی لە ئۆپراسیۆنێكی تایبەت لە دەرەوەی سنوورەكانی عێراق راگەیاند، كە چەند ساڵێكە چاودێریی ئەوان دەكرێت، كاتێك دەزگەی هەواڵگریی عێراق ئەو دوو بەرپرسەی داعشیان گرت، كە بە ئەنجامدانی چەندان تاوانی قێزەون و تیرۆریستی لە عێراق تۆمەتبارن، ئەوان لە دەرەوەی عێراق گیران و هێنراونەتەوە بۆ ناو خاكی عێراق. 

بەپێی بەیاننامەكە هەواڵگریی عێراق هەریەك لە عیسام عەبد عەلی سەعیدان ناسراو بە "ئەبو زەید"، بەرپرس لە راگەیاندنی ویلایەتی فەلوجەی داعش و تێوەگلاو لە سەربڕینی كازم روكابی، سەرباز، هەروەها بەرپرس لە بەڕێوەبردنی هەموو چالاكییەكانی میدیایی داعش لە فەلوجە لە 2014ەوە، هەروەها تێوەگلاو لە وێنەگرتنی زۆرێك لە تاوانەكانی داعش، لەوانە كوشتنی هەردوو سەرباز مستەفا عەزاری و سەمیر موراد دەلەوە، هەروەها گرتنی بەشیر عەبد عەلی سەعیدان ناسراو بە "ئەبو ئەحمەدی ئیتساڵات"، كە بەرپرسێكی سەربازیی ویلایەتی فەلوجەیە و بەرپرس بووە لە هەموو چالاكییە تیرۆریستییەكانی داعش لەو شارە لە دوای 2014، جیا لەوانە ئەو كاری پێوەندییەكانی سەرانی داعشی رێك خستووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل