"توركیا بەنیازە لە بەهاردا ئۆپراسیۆنێكی گەورە لە توركیا و قەندیل و شنگال ئەنجام بدات"

:: AM:10:06:25/02/2024 ‌
جەبار یاوەر ڕای گەیاند، توركیا بە نیازە لە بەهاری ئەمساڵدا، ئۆپراسیۆنێكی زۆر گەورە دژ بە هێزەكانی پارتی كرێكاران لە ناوخۆی توركیا و هەرێمی كوردستان و قەندیل و ناوچەكانی شنگالی سەربە مووسڵ ئەنجام بدەن، دەیانەوێت عێراق و هەرێم هاوكارییان بكەن و بەشدار بن لەو ئۆپراسیۆنەدا.

 ڕۆژی سێشەم حەوتی شوبات، یەشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا و مەتین گوراك سوپاسالاری توركیا سەردانی عێراقیان كرد، دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، شاندە سەربازییەكەی توركیا، گەیشتنە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم كۆبوونەوە.

جەبار یاوەر بەدەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، هەموو كۆبوونەوەكان لەگەڵ لایەنەكان، ئامانج لێی قەناعەت پێكردنیانە بۆ بەشداریی شەڕ و ئۆپراسیۆنەكانیان دژی پەكەكە. ئەوان دەیانەوێ سەربازی خۆیان پارێزراو بێت و هەوڵ دەدەن پێشمەرگە بەكار بهێنن بۆ ئەو شەڕە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئەوان بە تەنیا ئەو ئۆپراسیۆنانەی ئەنجامی دەدەن لە ڕووی ئاسمانی و وشكانی، تا ئێستە نەیانتوانیوە گەریلا لە ناو ببەن.

تا ئێستە بەهۆی شەڕی توركیا و پەكەكەوە، 450 گوند چۆڵ كراون، جگە لەوەش ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتیی سڤیل كوژراون و چەندان برینداریش هەن، بەمەش گوندەكانی ئەو سنوورە بەرەو چۆڵبوون دەچن.



وشە - سۆران عەزیز