چیڕۆكی ئەو وێنە چییە و ئەوان سەیری چی دەكەن؟

:: PM:07:40:25/02/2024 ‌

دوای هێرشەكەی 11ی سێپتێمبەری 2001 لە نیویۆرك و راگەیاندنی رێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە بەرپەرسیارەتییەكەی لە ئەنجامدانی هێرشەكە، كوشتنی ئوسامە بن لادن، سەركردەی رێكخراوەكە بۆ ئەمەریكا بووە ئەركێك، بەتایبەتی سەرانی ئەو وڵاتە بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردنەكان هەموو توانایەكی هەواڵگری و سەربازییان بۆ كوشتنی تەرخان كرد، ئەوە بوو لە 2ی ئایاری 2011 كوشتیان راگەیاند، وێنەكەی سەرەوە پێوەستە بە ساتەكانی كوشتنی. 

لە 11ی سێپتێمبەری 2001، ژمارەیەك ئەندامی خۆكوژی سەر بە رێكخراوی قاعیدە توانیان دەست بەسەر چوار فڕۆكەی مەدەنیدا بگرن، هەر چواریان بەسەر رۆژهەڵاتی ئەمەریكا دەفڕین، ئەوان بوونە مووشەكی گەورە و چەند ئامانجێكی گرنگیان بۆردمان كرد، لەوانە دوو تاوەرەكەی بازرگانیی جیهانی لە نیویۆرك، كە بە تەواوەتی رووخان و هەزاران كەس كوژران، لە یەكێك لە گەورەترین هێرشی تیرۆریستی لە سەتەی 21 لە ئەمەریكا و دنیادا، جیا لە كردنەئامانجی تەلاری پنتاگۆن لە دەرەوەی واشنتن، یەكێك لە فڕۆكەكانیش لە كردنەئامانجی تەلاری ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانی ئەمەریكا شكستی هێنا.

ئێستە ئەو وێنەی سەرەوە لەژێر ناوی "رۆژی كوشتنی بن لادن"، لەلایەن رۆژنامەی "واشنتن پۆست" و "سی ئێن ئێن"، لە كتێبخانەی سەرۆكایەتیی ئۆباما وەرگیراوە و بڵاو كراوەتەوە، ئەو رۆژەی ساتێكی مێژووییە لە ئەمەریكا، تیایدا پلاندانانێكی ورد تێكەڵ بە نیگەرانییەكی گەورە بە روخساری بەرپرسانی باڵای ئیدارەی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا دیارە، كە لە سەرەتای ئایاری 2011 گیراوە. 

ئەوانەی لەو وێنەكە دیارن سەیری پەخشی راستەوخۆی درۆنێك دەكەن، كە لەسەر ئابووت ئاباد لە پاكستان دەسووڕێتەوە، وێنەی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكەی كوشتنی بن لادن دەگوازێتەوە، بۆیە وێنەكە بە كوژرانی بن لادنەوە وابەستە بووە، لەو وێنەكە نیگەرانی بەسەر روخساری ئامادەبووان دیارە، لەوانە هیلاری كلینتۆن، وەزیری دەرەوە كە دەستی خستووەتە سەر دەمییەوە، لەو ژوورەدا 14 كەس هەبوون، ئەوان تا گەڕانەوەی هێزە تایبەتەكە لە پاكستانەوە بۆ ئەفغانستان لەوێ بوون، دوای ئەوە ئۆباما زنجیرەیەك پێوەندیی تەلەفۆنی ئەنجام دا، لەوانە لەگەڵ هەردوو سەرۆكی پێشووتر جۆرج دەبلیو بۆش و بیل كلینتۆن، سەركەوتنی پرۆسەكەی پێ راگەیاندن. 

دوای ئەوە ئۆباما لە كۆشكی سپی خەریكی داڕشتنی وتارەكەی بوو بۆ ئەمەریكییەكان ، ئینجا بۆ شوێنی مانەوەی رۆیشت، ئەو لە 2ی ئایار كوژرانی ئوسامە بن لادنی لە ناوچەی ئابووت ئاباد لە پاكستان لە رێگەی ئۆپراسیۆنێكی هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا راگەیاند.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل