كۆبوونەوەیەكی گرنگ تایبەت بە مووچە و بودجە ئەنجام دەدرێ‌

:: AM:09:23:26/02/2024 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق كۆ ببنەوە و لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی هەمواری یاسای بودجە و پشكی هەرێمی كوردستان دەكرێ‌.

ئەمڕۆ دووشەم 26ـی شوبات، بڕیارە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران میوانداری بكرێت و یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانیش، گفتوگۆكردن دەبێت لەبارەی هەمواری یاسای بودجەی 2024 و یەكێك لە بڕگەكانیش، جێگیركردنی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم دەبێت.

چوونی تەیف سامی بۆ پەرلەمان، لەسەر بانگێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانە، تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكەش، گفتوگۆ دەبێت لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ ناردنی یاسای بودجەی 2024 و ئەو بڕگانەی بڕیارە هەموار بكرێنەوە.

دوێنی عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، كۆبوونەوە لەگەڵ تەیف سامی، گفتوگۆكردن دەبێت لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و پابەندكردنی هەردوو حكوومەتی ناوەند و هەولێر، بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

هاتنی ئەو وەزیرە لە كاتێكدایە، پێشبینی دەكرێت هەفتەی داهاتوو ئەو پڕۆژەیاسایە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند بكرێتەوە و دووبارە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێتە ناردن.



وشە - رامیار جەواد