لە شنگال گرتووخانەی بارێ بووەتە شوێنی گرتن و ئەشكەنجەدانی مرۆڤی كورد

:: PM:01:18:27/02/2024 ‌
لە ساڵی 2020ـەوە زیاتر لە 70 گەنجی ئێزیدی لە شنگال بێسەروشوێن بوون، دوای گەڕان و لێكۆڵینەوەكان، دەركەوتووە كە زۆربەیان لە گرتووخانە نهێنییەكانی پەكەكەدا گیراون، گرتووخانەی بارێ لە شنگال  بە قووڵایی 14 مەتر لە ژێر زەویدا دروست كراوە.

پەكەكە لە گرتووخانەی ژێرزەوینیی گوندی "بارێ"دا، دەیان گەنجی كوردی گرتووە كە زۆربەیان لە كوردانی ئێزیدین، گرتووخانەیەكان لە ژووری تاكەكەسیدا لەلایەن پەكەكەوە بە توندترین شێوە ئەشكەنجە دەدرێن، بەجۆرێك كە ئەو گرتووخانەیە بووەتە دۆزەخێك بۆ لاوانی كوردی شنگال.

پێگەی "داركا مازی" لە ڕێی سەرچاوە تایبەتییەكانیەوە بۆی دەركەوتووە، پەكەكە دەیان گەنجی ئێزیدی خەڵكی باكور و ڕۆژهەڵاتی كوردستانی بە تۆمەتی بێ بنەما لە گرتووخانەی گوندی "بارێ"دا گرتووە. 

بارێ ناوی گوندێكی دێرینی ئێزیدییەكانە كە نزیكەی 70 بنەماڵەی تێدا دەژی و زۆربەشیان سەر بە هۆزی سمۆقییانن، گوندەكە لە باكوری ڕۆژئاوای چیای شنگال هەڵكەوتووە.

پەكەكە كە دوای داعش، شنگالی داگیر كردووە، بە دەیان گرتووخانەی نهێنیی تێدا دروست كردووە، ئەو گەنجانەی كە پێڕەوی لە ئایدیۆلۆجیای ئاپۆ نەكەن و پەكەكەیی نەبن، ڕاپێچی ئەو گرتووخانانەیان دەكات، هەروەها ئەو منداڵانەش كە لەلایەن پەكەكەوە دەڕفێنرێن، لەو گرتووخانانە بەند دەكرێن.

گرتووخانەی گوندی "بارێ"ی شنگال، بەقووڵایی 14 مەتر لە ژێر زەوییەوە دروست كراوە، شەش ژووری پاسەوان و ستافی بەڕێوەبەرانی گرتووخانە و ژووری تاكەكەسی و ژووری تری تێدایە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەكانی لە ناوخۆی گرتووخانەكەوە دەست كەوتوون، زۆربەی ئەو كەسانەی لەلایەن پەكەكەوە لەم گرتووخانەیە گیراون، بە سیخوڕی تۆمەتبارن و سەرجەمیان دەست و قاچیان بەستراوەتەوە و بە توندی ئەشكەنجە دراون.

ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی گرتووخانەی بارێ، بریتین لە بەرفرات ئورفا سەرپەرشتیاری گرتووخانە، لە ساڵانی دووهەزارەوە پێوەندیی بە پەكەكەوە كردووە. دڵسۆز هاوكاری بەرفرات خەڵكی باكوری كوردستانە، لە ساڵانی دووهەزاردا پێوەندیی بە پەكەكە كردووە و پسپۆڕ و شارەزای تەقەمەنییە. چەكدار كۆبانی خەڵكی كۆبانی، بۆزان كۆبانی لە ساڵانی 2017 ـ 2018 دا تێكەڵ بە پەكەكە بووە.

ستەمی پەكەكە لە شنگال ڕۆژبەڕۆژ زیاتر ئاشكرا دەبێت و گرتووخانە نهێنییەكانی پەكەكە لە شنگال، بوونەتە شوێنی پاكتاو و لەناوبردن و كوشتنی لاوانی ئێزیدی. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە قایمقامی شنگال ڕای گەیاندووە، لە ساڵی 2020ـەوە زیاتر لە 70 گەنجی ئێزیدی لە شنگال بێسەروشوێن بوون و دوای گەڕان و لێكۆڵینەوەكان، دەركەوتووە كە زۆربەیان لە گرتووخانە نهێنییەكانی پەكەكەدا دەستبەسەر كراون.



وشە - سۆران عەزیز