فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تيی هه‌ولێر راگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه و رای گه‌یاندووه، گه‌شتی سه‌رجه‌م فڕۆكه‌كانی ئه‌مڕۆی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ھه‌ولێر، به كه‌شێكی ئاسایی و كۆنتڕڵكراو و بێ كێشه ئه‌نجام دراون.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 27ی شوبات، فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تيی هه‌ولێر راگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه، دوابه‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ھه‌واڵی ھه‌بوونی كێشه له سیستمی (GPS)ی فڕۆكه‌خانه، كه بووه‌ته ھۆی دروستبوونی كێشه بۆ فڕۆكه‌یه‌كی ھێڵی ئاسمانیی (Turkish Airline) له كاتی نیشتنه‌وه‌ی دا، سه‌ره‌نجام فڕۆكه‌كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه توركیا، به پێویستمان زانی ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌مباره‌یه‌وه بۆ ڕای گشتی بڵاو بكه‌ینه‌وه.
روونكراوه‌ته‌وه، كه له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ھه‌ولێر، سێ ڕێگای جیاواز و هاوئاهه‌نگ و كارا به‌رده‌ستن بۆ نیشتنه‌وه‌ی هه‌ر فڕۆكه‌یه‌ك، كه ئه‌وانیش بریتین له سیستمی ILS و GPS و Visua، به‌رده‌ستبوونی هه‌ریه‌كه له‌م ڕێگایانه ده‌وه‌ستێته سه‌ر داواكاریی ھێله ئاسمانییه‌كان و خواستی كاپتنی فڕۆكه‌كان. به‌پێی ڕێسا و میكانیزمی گه‌شته‌كانی ھێلی ئاسمانیی (Turkish Airline)، پێویسته ھه‌ردوو سیستمی (ILS , GPS) به‌رده‌ست و كارا بن له كاتی نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌كانیان.
ئه‌وه‌یش خراوه‌ته ڕوو، له كاتی ھاتنی ئه‌م فڕۆكه‌یه‌ی ئه‌مڕۆی ھێلی ئاسمانیی (Turkish Airline)، ھه‌ردوو سیستمه‌كه به‌رده‌ست بوونه، به‌ڵام كێشه له سیگناڵی سیستمی (GPS)ی فڕۆكه‌كه ھه‌بووه، بۆیه گه‌ڕاوه‌ته‌وه توركیا، دوای چه‌ند سه‌عاتێك كێشه‌ی سیستمی (GPS)ی فڕۆكه‌كه چاره‌سه‌ر كرا و دووباره گه‌ڕایه‌وه بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ھه‌ولێر به‌بێ ھه‌بوونی كێشه له نیشتنه‌وه‌ی دا گه‌شته‌كه ئه‌نجام درا.
له كۆتاییشدا دووپات كراوه‌ته‌وه، گه‌شتی سه‌رجه‌م فڕۆكه‌كانی ئه‌مڕۆی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ھه‌ولێر، به كه‌شێكی ئاسایی و كۆنتڕۆڵكراو و بێ كێشه ئه‌نجام دراون، بۆیه سه‌رله‌به‌ری ئه‌م ھه‌واڵه ناڕاست و به‌لاڕێدا بردراوانه ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه.