نزار مەحموود: كەس خۆی بۆ رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان كاندید نەكردووە

:: PM:08:13:27/02/2024 ‌

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان رای دەگەیەنێت كە هەڵبژاردنی مەكۆكان ئەنجام دەدرێن، دواتر رێكخەر و خانەی راپەڕاندن دیاری دەكرێن، دووپاتی كردەووە كە تا ئێستە هیچ كەسێك خۆی بۆ رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان كاندید نەكردووە.

ئەمڕۆ سێشەم، 27ی شوباتی 2024، نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند، دوای كۆنفرانسی مانگی رابردوو، ئێستە بزووتنەوەی گۆڕان كار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان لە مەكۆكانی گۆڕان لە ناوچەكان دەكات، دوای ئەو هەڵبژاردنانە كۆنگرە ساز دەكا و رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دیاری دەكات.

باسی لەوەش كرد كە لە دەستووری گۆڕان بەو جۆرەیە كۆنفرانس رێكخەر و خانەی راپەڕاندن دیاری ناكات، هاوكات هەڵبژاردنەكان زۆریان پێ ناچێت و لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگدا تەواو دەبن.

مەحموود دووپاتی كردەوە، عومەری سەید عەلی خۆی بڕیاری داوە خۆی بۆ رێكخەری گشتی هەڵنەبژێرێت، تا ئێستەش دیار نییە كێ خۆی كاندید دەكات، ئەو دەنگۆیانەی باس لە هەڵبژاردنی كوڕێكی نەوشیروان مستەفا دەكەن نەمبیستووە، هەرچەندە ئەگەر خۆشی كاندید بكات شتێكی ئاساییە، بۆیە تا ئێستە كەس خۆی كاندید نەكردووە.

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دووپاتی كردەوە، دوای هەڵبژاردنی مەكۆكان، جڤاتی نیشتمانی رێكخەر و خانە دیاری دەكات، پێشتر خۆم بۆ رێكخەر كاندید كردبوو، بەڵام بەهۆی كۆنفرانسەوە بابەتە هەڵوەشایەوە، بۆ داهاتووش دیار نییە خۆم كاندید دەكەم یان، بەڵام بە دیاریكراوی كەس خۆی هەڵنەبژاردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە بە "وشە" دراوە، یەكێك لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بە نیازە خۆی بۆ رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێرێت، بەڵام باس لە بەهێزیی باڵی عومەری سەید عەلی دەكرێت، كە وەك گرفتێك بن لەبەردەم دیاریكردنی ئەو كوڕەی نەوشیروان مستەفا بۆ رێكخەری.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل