ئه‌مڕۆ له شنگال فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا، ئۆتۆمبێلێكی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌یان كرده ئامانج، به‌ھۆیه‌وه چوار چه‌كداری په‌كه‌كه كوژران.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 29ی شوبات، قاسم ده‌ربۆ فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شنگال، بۆ "وشه" گوتی، ئه‌مڕۆ له گوندی قه‌سركێ له سنووری شاره‌دێی سنوون، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا، ئۆتۆمبێلێكی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌یان كرده ئامانج، به‌ھۆیه‌وه ئه‌و چه‌كدارانه‌ی له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌دا بوون، سه‌رجه‌میان كوژران.
ده‌ربۆ گوتی، په‌كه‌كه بووه‌ته به‌ڵایه‌كی گه‌وره بۆ شنگال و تا ئه‌وان له شنگال بن، نه ئاواره‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه و نه لایه‌نی ته‌ناهیش سه‌قامگیر ده‌بێت.
لای خۆیه‌وه خدر خودێدا به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی قه‌حتانییه له شنگال، بۆ "وشه" گوتی، ئه‌و زانیارییانه‌ی به ده‌ست گه‌یشتوون، له گوندی قه‌سركێ ئۆتۆمبێلێكی چه‌كدارانی په‌كه‌كه كراوه‌ته ئامانج.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد له‌ناو ئه‌و چه‌كدارانه‌ی كوژراون، دووانیان خه‌ڵكی شنگالن و دووه‌كه‌ی ترش بیانین.
وشه/ بڵند ئیبراھیم