شوفێرێك: ماوەیەكە لەسەر رێگەی سەنگاو بۆ كەلار كەسانێك كاری چەتەیی دەكەن

:: PM:08:35:02/03/2024 ‌

چەند شۆفێرێك پێوەندییان بە "وشە"ەوە كردووە و باسیان لەوە كرد كە ماوەیەكە لەسەر رێگەی سەنگاو بۆ كەلار، كەسانێك كاری چەتەیی دەكەن و شۆفێران رووت دەكەنەوە و پارەو كەلوپەلەكانیان دەبن.

ئیسماعیل سەیدرەحمان، شۆفێری بارهەڵگرە بە "وشە"ی گوت، ماوەیەكە لەسەر رێگەی سەنگاو بۆ كەلار، كەسانێك بە شەو و درەنگانی شەو لە ناوچە چۆڵەكان، خۆیان دەشارنەوە و كاتێك ئۆتۆمبێلێك بەتەنیا بدات لەو رێگەیە، دەچنە سەر رێگەكە و رای دەگرن، دواتر پارەو كەلوپەلەی دەبەن و شۆفێرەكە وێڵ دەكەن.

باسی لەوەش كرد، چەند شۆفێرێكیان بەو شێوەیە رووت كردووەتەوە و پارە و كەلوپەلیان لێ بردوون، دووپاتی كردەوە، پێوەندییان بە منەوە كرد كە بە شەو ئەو رێگەیە بەكار نەهێنم، ئەو كەسانە تا ئێستا ئاشكرا نەبوون و نازانرێت كێن و سەر بە چ لایەكن، بەڵام بە گوشار ئەو كارە دەكەن.

ئەو شۆفێرە بۆ "وشە" ئاماژەی كرد كە ئەو رێگەیە دوور و درێژە و شوێنەكەش زۆر چۆڵە و ناوچە و ئاوەدانی تێدا نییە و دەشتاییەكی فراوانە، ئەوانەشی ئەو كارانە دەكەن تا ئێستە نەناسراونەتەوە.

بۆ بەدواداچوونی زیاتری ئەو بابەتە و ئاشكراكردنی وردەكارییەكان، "وشە"، هەوڵی دا پێوەندی بە بەرپرسانی تەناهیی سنوورەكە بكات، بەڵام پێوەندییەكانیان بەردەست نەبوو.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت