ئەوانەی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەیان لە كچێكی كوێت دەكرد گیران

:: PM:02:10:04/03/2024 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای هەولێر رای گەیاند، دوو ئەندامی گرووپێكیان گرت كە لە هەولێرەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی نەشیاویان لە هاووڵاتییەكی كوێتی كردبوو، لە بەرانبەریشدا داوای ناردنی پارەیان لێ كردووە.

ئەمڕۆ دووشەم چواری ئادار، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت، هاووڵاتییەك بەناوی (ا، م، س) دانیشتووی وڵاتی كوێتە و ئاگاداری هێزەكانی ئاسایشی كردەوە، گرووپێك كە دانیشتووی هەرێمی كوردستانن، وێنەی نەشیاویان لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەست كەوتووە، دواتر هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەكانیان لێ كردووە و بەردەوام داوای پارەیان لێ كردووە، ئەویش لەڕێی حەواڵە لە كوێتەوە پارەی بۆ ناردوون بۆ شاری هەولێر.

باس لەوەش كراوە، دوای بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاریی ورد و دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، تیمەكانی ئاسایش توانیان تۆمەتباران (ع، ا، م) و (ب، ف، ح) بگرن كە هەڕەشەیان لە چەندان هاووڵاتیی تر كردبوو،  ئێستەش پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و رووبەڕووی یاسا كراونەتەوە.

ئاسایشی هەولێر داواشی كردووە، دوور بكەونەوە لەو جۆرە كارانە، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی یاسا دەبنەوە.



وشە - رامیار جەواد