سوودانی: 50 ملیار دينار بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا تەرخان كراوە

:: PM:05:29:04/03/2024 ‌

شارۆكەی شنگال و دەوروبەری و ناوچەكانی دەشتی نەینەوا دوو ناوچە بوون كە بەهۆی داعشەوە زیاترین كێشە و وێرانكارییان تووشی هات، یەكەمیان بەهۆی ئەوەی زۆرینەی لە كوردانی ئێزدی بوو و دوومیان كریستیانەكان، كە لە چوارچێوەی سیاسەتی بەكافركردن، داعش گەورەترین تاوانی دژ بەوان ئەنجام دا، ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق لە شنگال سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوای كرد، دووپاتی لە تەرخانكردنی 50 ملیار دینار بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو دوو ناوچەیە كردەوە.

وەك لە بەیاننامەیەكی نووسینگەكەی هاتووە، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوای لە شارۆكەی شنگال كرد، سەرەتا پیرۆزبایی لە دەستبەكاربوونی ئەنجوومەنەكە كرد، دووپاتی كردەوە كە بەهۆی ئەو وێرانكارییەی بەهۆی تیرۆرەوە دووچاری هاتەوە، نەینەوا پێویستی بە هەوڵی زیاتر بۆ ئاوەدانكردنەوە و چارەسەركردنی كێشەی هاووڵاتییانی هەیە.

روونی كردەوە، سازكردنی ئەو كۆبوونەوە لە شنگال، پەیامێكە بۆ دانیشتووانی بەوەی حكوومەت ئامادەیە دەست بە هەڵمەتێكی فرەوان بۆ ئاوەدانكردنەوەی بكات، جیا لە چارەسەركردنی كێشەكان، لە تەرخانكردنی پارە بۆی، دووپاتی لەوەش كردەوە كە كارەساتی بەسەر ئێزدییەكان هاتەوە، بووەتە ئاماژەیەكی جیاواز بۆ بەرخودان و قوربانیدان لە مێژووی عێراق.

سوودانی بە پێویستی زانی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سەقامگیری و برایەتی لە شنگال و ناوچەكانیتری پارێزگەكە بەهێزتر بكرێت، دووپاتی لە تەرخانكردنی بڕی 50 ملیار دینار لە بودجە بۆ سندووقی ئاوەدانكردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا كردەوە، داوای لە وەزارەتەكان كرد كە فەرمانگەكانیان لە شنگال بكەنەوە، وەك بەشێك لە هەوڵەكانی گەڕانەوەی ئاوارەكان، لەوانەش دەزگەی شەهیدان، بۆ چارەسەركردنی دۆسیەی شەهیدانی دەڤەرەكە.  

شایەنی باسە دوای ئەوەی رێكخراوی داعش لە 2014 قێزەونترین تاوانی كوشتنی بەكۆمەڵی لە شنگال و دەوروبەری ئەنجام دا، چەند هەزار كەسی كوشت و هەزارانیشی بەدیل برد و ئەوانیتری ئاوارە كرد، بەڵام دوای ئازادكرنەوەی ناوچەكە تا ئێستە پەكەكە و حەشدی شەعبی نەیانهێشتووە خەڵكەكە بگەڕێتەوە و ناوچەكە ئاسایی بكرێتەوە، ئەوە سەرەڕای رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگال لە 2020، كە تا ئێستە حكوومەتی عێراق یەك بڕگەشی جێبەجێ نەكردووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل