پەیامی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی گەلی كوردستان

:: AM:08:48:05/03/2024 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كورسدتان لە ساڵوەگەڕی راپەرینی گەلی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت، راپەڕین بەرهەمی یەكڕیزی و یەكگرتوویی سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان و هێز و لایەنە كوردستانییەكان بوو، ڕەتكردنەوەی یەكجارەكیی ستەم و داگیركاری و ژێردەستەیی بوو.

ئەمڕۆ سێشەم پێنجی ئادار، لە پەیامێكی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لە 33مین ساڵیادی راپەڕینی شكۆداری ساڵی 1991ی گەلی كوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەكەم. ڕێز و پێزانینم بۆ هەموو تێكۆشەران و كوردستانپەروەران و بەشدارانی ڕاپەڕین و بۆ هەموو ئەوانەی لە كاروانی ئازادی و سەرفرازی  و پێشكەوتن و ئاوەدانیی و خۆڕاگریی هەرێمی كوردستاندا، ڕەنجیان دا و ماندوو بوون، دروود بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدانەی لەم ڕێگەیەدا گیانیان بەخت كرد. 

سەرۆكی حكوومەت دەڵێت، ڕاپەڕینی ئاداری 1991، یەكێكە لە گرنگترین ڕووداوە بەرهەمدارەكانی مێژووی كوردستان و شانازییەكی گەورە و سەروەرییەكی مەزنی گەلی كوردستانە، كە بەرهەمی یەكڕیزی و یەكگرتوویی سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان و هێز و لایەنە كوردستانییەكان بوو، ڕەتكردنەوەی یەكجارەكیی ستەم و داگیركاری و ژێردەستەیی بوو، بەرهەمەكەی دروستبوونی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەكانی هەرێم بوو.

باسی لەوەش كردووە، ئەمڕۆ كە یادی ڕاپەڕین دەكەینەوە، زۆر گرنگە و پێویستە هەموو لایەن و پێكهاتە و هەر تاكێكی كوردستانی، بە یەكڕیزی و یەكدەنگی، داكۆكی لە دەستكەوتە نیشتمانییەكان و مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان بكەن.

سەرۆكی حكوومەت لە پەیامەكەی دەڵێت، پێویستە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان و بەها بەرزەكانی ڕاپەڕین و بنەماكانی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە  و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیی گەلی كوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین، بە دڵنیاییشەوە سەروەریی هەموومان بەندە بە بوونی كوردستانەوە.

لە كۆتایی پەیامەكەیدا هاتووە، با یادی ڕاپەڕین هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانی قەوارەی دەستووری هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە خزمەتێكی شایستەتر پێشكەشی سەرجەم خەڵكی كوردستان بكات و بەیەكەوە، هەرێمی كوردستان بەرەو قۆناغێكی گەشەسەندووتر ببەین.




وشە - رامیار جەواد