كەشناسی: ئێوارەی ئەمڕۆ باران دەست پێ دەكات تا یەكشەم بەردەوام دەبێت

:: AM:08:57:06/03/2024 ‌
لەمڕۆ چوارشەمەوە شەپۆلێكی بەفر و باران و هەورەبروسكەی بەهێز، ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك بەردەوام دەبێت.

هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی شارەزای بواری كەشناسی بڵاوی كردەوە، "پێشبینی دەكرێت لەمڕۆ چوارشەم شەشی ئادار، بەهۆی كاریگەریی نزمەپەستانی ناوچەكانی دەریای سپی ناوەڕاست، لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆ بەدواوە بۆ ئێوارە، ئاسمان لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لە نیمچەهەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، شەپۆلێكی تری بارانبارین و هەورەبروسكەی بەهێز و تەرزە، سەرانسەری ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە."

بەقسەی ئەو كەشناسە بێت، بارانبارینەكە لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای دهۆك و ناوچە شاخاوییەكانی هەولێر و پارێزگای مووسڵەوە دەست پێ دەكات، لە كاتەكانی ئێوارە بۆ درەنگانی شەوی ئەمڕۆ چوارشەم دەگاتە سەرجەم ناوچەكانی هەولێر، دەوروبەری كەركووك، سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان."

ئاماژەی بەوەش داوە كە چەقی شەپۆلەكە، ڕۆژانی چوارشەم، پێنجشەم، شەموو و یەكشەمی هەفتەی داهاتووش بەردەوام دەبێت.

بەپێی پێشبینییەكانی گەڵۆزی، زۆرترین بڕی بارانبارین لە سنووری دهۆك دەبێت، پێشبینی دەكرێت بارانبارین لە نێوان 30 بۆ 70 ملم بێت، مەترسی دروستبوونی لافاوی لێ دەكرێت و لە ناوچە شاخاوییەكانی دهۆكیش ئەگەری بەفربارین هەیە.



وشە - سۆران عەزیز