شنگالییەكان لە حكوومەتی عێراق توڕەن

:: PM:06:14:06/03/2024 ‌

هەموو دەستكەوتی حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی بۆ شنگالییەكان چەند بەڵێنێكە بەنیا، بێ ئەوەی لەسەر زەوی هیچ هەنگاوێكی كردەنی بۆ یارمەتیدانیان و ئاوەدانكردنەوە و ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكانیان هەبێت، بەرپرسێكی ناوخۆیی شنگال ئاماژە دەكات كە شنگالییەكان سەردانی شاندەكانی حكوومەتی عێراق رەت دەكەنەوە.

خودێدا جوقی، بەڕێوەبەری شارەدێی سنونوی سەر بە شارۆكەی شنگال دەڵێت، تا ئێستە حكوومەتی عێراق ناتوانێت قایمقام و بەڕێوەبەری شارەدێ لە شنگال دامەزرێنێت، تەنیا چەند لایەنێك دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە هێزی سەربازی و تەناهی لە ناوچەكانی شنگال بڵاو بكەنەوە.

روونی كردەوە، بۆیە دانیشتووانی شنگال پێشوازی لە هیچ شاندێكی حكوومەت بۆ ناوچەكەیان ناكەن، چونكە حكوومەت نەیتوانیوە كێشە خزمەتگوزاری و تەناهییەكانیان بۆ چارەسەر بكات، دووپاتی كردەوە، سەرەڕای بەڵێنی خەرجكردنی بڕی چوار ملیۆن دینار بۆ گەڕاوەكان، بەڵام تا ئێستە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران هیچ بڕە پارەیەكی بەسەر خێزانە گەڕاوەكان لە كەمپەكانەوە بۆ شنگال دابەش نەكردووە و گەڕانەوەیان وەستاوە.

شایەنی باسە بەر لە چەند رۆژێك محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوای لە شنگال كرد، ئاماژەی كرد كە بڕی 50 ملیار دینار بۆ سندووقی ئاوەدانكردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا لە بودجە تەرخان كراوە.

ئەوە لەوكاتەی داعش لە 2014 شنگال و دەوروبەری داگیر كرد و كۆمەڵكوژی و وێرانكاری تیادا ئەنجام دا، دوای رزگاركردنەوەشی لە 2017ەوە تا ئێستە كەوتووەتە ژێر دەستی پەكەكە و حەشدی شەعبی، كە هەمان سیاسەتەكانی داعش بەرانبەر بە رۆڵەكانی ئەو ناوچەیە پێڕەو دەكەن، لە 2020 هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگالیان واژوو كرد، بەڵام تا ئێستە هیچ بڕگەیەكی لێ جێبەجێ نەكراوە، ئەوەش وای كردووە كە شنگالییەكان لە كەمپەكانی ئاوارەیی بمێننەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل