شیعە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی لیژنە گرنگەكانی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا دەدەن

:: PM:11:14:07/03/2024 ‌

دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە 18ی كانوونی یەكەمی رابردوو، هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە بە چەند لیستێك بەشدارییان لە پرسەكە كرد، یەكیان گرتەوە و توانیان لە زۆرینەی پارێزگەكان پۆستی باڵا ببەنەوە، لە پارێزگەی نەینەوا كە سوننەیە، ئێستە دەیانەوێ دەست بەسەر زۆرینەی لیژنەكاندا بگرن، وەك ئەندامێكی ئەنجوومەنەكە ئاشكرای دەكات.

ئەحمەد عەبد رەبە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا لە هاوپەیمانی عەزم، كە بەشێكە لە هاوپەیمانی یەكگرتووی نەینەوا دەڵێت، تا ئێستە ناكۆكی لە نێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا لەسەر دابەشكردنی لیژنەكان هەیە، كاتێك ئەندامانی سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەوانەشی لە هاوپەیمانییە سوننەكان جیا بوونەتەوە، هەوڵی بەدەستهێنانی لیژنەی زیاتر لە مافی خۆیان دەدەن. 

روونی كردەوە، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوات لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هەوڵی دەستگرتن بەسەر زۆرینەی لیژنە گرنگەكان لە ئەنجوومەنەكە دەدەن، كاتێك ئەندامانی عەقدی وەتەنی و هاوپەیمانییەكانی چوارچێوە، دەیانەوێ دەست بەسەر 14 لیژنەدا بگرن و تەنیا شەش لیژنە بۆ ئێمە بێڵنەوە، لەوكاتەی ئێمە خاوەنی 13 كورسین و لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هاوپەیمانین كە خاوەنی چوار كورسییە، بۆیە ئەوان دەستیان بەسەر زۆرینەی لیژنە گرنگەكاندا گرتووە و لیژنە لاوەكییەكانیشیان بۆ ئێمە جێهێشتووە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دووپاتی كردەوە، بۆیە ئەوە رەت دەكەینەوە و ئەگەر پێویست بكات و دابەشكردنێكی دادوەرانەی لیژنەكان نەبێت، بایكۆتی دانیشتنی ئەمشەوی ئەنجوومەنی پارێزگاكە دەكەین.

شایەنی باسە بڕٍیارە ئەمشەو ئەنجوومەنی پاریزگای نەینەوا كۆ ببێتەوە و تیایدا لیژنەكان بێتە دابەش كردن، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 كورسی پێك هاتووە، كە سیانیان هی كۆتاكانە. 
 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل