كەشناسی: شەپۆلێكی باران و بەفر بۆ سبەی شەموو بەڕێوەیە

:: PM:09:42:08/03/2024 ‌
كەشناسیی هەرێم بڵاوی كردەوە، سبەی شەموو لە ئەنجامی چالاكبوونی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست بارانبارین لە پارێزگای دهۆك و باشووری سلێمانی دەست پێ دەکاتەوە و بەفریش لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان لەدوای نیوەڕۆوە ئەگەری بارینی دەبێت. 

ئەمشەو هەینی هەشتی ئاداری 2024، دەستەی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی حكوومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە هاتووە، پێشبینی دەکرێ سبەى بەیانى رۆژی شەموو لە ئەنجامى چالاکبوونى نزمەپاڵەپەستوى دەریای ناوەڕاست ئاسمانى هەرێم بگۆرێت بۆ نیمچەهەور و هەندێ کات هەورى تەواو.

كەشناسی ئاماژەیشی كردووە، سبەی بەهۆی شەپۆلەكەوە دەستپێکردنى بارانبارین بەتایبەت لە پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان کە بارانى مامناوەندى لێ دەبارێت پێشبینی كراوە، روونیشی كردووەتەوە، بۆ ناوچەکانى تر نمەباران دەبێت وە لە ناوچەکانى باشوورى پارێزگاى سلێمانى و هەندێ ناوچەى گەرمیان ئەگەرى هەورەبروسکەیش هەیە لە کاتەکانى دوای نیوەڕۆ لەگەڵ بارینى بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان.

كەشناسیی هەرێم بڕی بارانی 12 سەعاتی رابردووی بۆ بەشێك لە ناوچەكانی هەرێم بڵاو كردووەتەوە كە بەم شێوەی خوارەوەیە: 
ئامێدى 0.2 ملم
بارزان 0.2 ملم
حاجى ئۆمەران 4.0 ملم
سۆران 0.2 ملم
مێرگەسۆر 0.4 ملم
پێنجوێن 1.4 ملم


وشە - پۆڵا مەحموود