بڕیارێكی كابینەی نۆ كەلاری بوژاندووەتەوە

:: PM:01:51:10/03/2024 ‌
كەلار كە ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، پێشكەوتنی باش لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە بەخۆیەوە بینیوە. وەك بەرپرسانی شارەكە ئاماژەی بۆ دەكەن، لە سایەی بڕیارەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، شارەوانیی سنوورەكە سوود لە داهاتی خۆی دەبینێت و دەیكات بە پڕۆژە بۆ خزمەتی خەڵك.
 
ئەندازیار دلێر محەمەد بەرپرسی بەشی پڕۆژەكان لە شارەوانیی كەلار، بە"وشە"ی راگەیاند، بەپێی فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، شارەوانییەكان دەتوانن 15%ی داهاتی خۆیان بۆ پڕۆژە و كارەكانی سنووری خۆیان خەرج بكەنەوە. وەك ئەو دەڵێ، "ئەم داهاتە لە كرێی باڵەخانە و دوكان و ئەو داهاتانەی لە رێی ترەوە دەست دەخرێت".

ئەندازیار دلێر ئەوەیشی گوت، داهاتێكی تر هەیە لە فرۆشتنی زەویی روكن و نایابی شارەوانییەوە دەست دەكەوێت، بەپێی بڕیاری حكوومەت، شارەوانییەكان دەتوانن 100%ی پارەكە بۆ خزمەتگوزاری و پڕۆژەكانی خۆیان بەكار بهێننەوە.

كەلار لە 1970 بە بڕیاری ئەحمەد حەسەن بەكر بوو بە شارۆچكە و ژمارەی دانیشتووانی ئێستەی 275 هەزار كەسە. بە شاری كار و جووڵانەوە لە ڕووی ئابوورییەوە دادەنرێت و خەڵكەكەی دەتوانن لە بارودۆخی جیاوازدا كار بكەن.

بەرپرسی بەشی پڕۆژەكانی شارەوانی كەلار، ئەو هەنگاوەی كابینەی نۆی "بە گرنگ" پێناسە كرد، بۆ بووژانەوەی شارەكە و ئەوەیشی نەشاردەوە "ئەو داهاتانە بوونەتە هۆی بووژانەوەی ناوچەكە".

"لە 2024دا كە هێشتا دوو مانگی تێپەڕیوە، 340 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژە خەرج كراوە، لە 2023دا 435 ملیۆن دینار و لە 2022 زیاتر لە 570 ملیۆن دینار، تەنیا لە داهاتی شارەوانییەوە خراونەتەوە ژێر دەسەڵاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی كەلار و كراون بە پڕۆژە بۆ گەڕەك و شوێنە جیاوازەكانی كەلار"، ئەندازیار دلێر وای گوت.

لەبارەی جۆری پڕۆژەكانیشەوە ئاماژەی بەوە كرد، پڕۆژەكان هەمەجۆرن، وەك دروستكردنی شەقام و قیرتاوكردنی كۆڵانی گەڕەكەكان و دروستكردنی ئاوەڕۆ و پارك و زیادكردنی رێژەی سەوزایی.

كەلار ئێستە لە 32 گەڕەك پێكدێت و هەر كەسێك گوزەرێك بە كەلاردا بكات، هەست بە بووژانەوە دەكات و شارێكی جوان لە پێشوازیدایە، ژمارەیەك پڕۆژەی گەشتیاریش لەسەر ڕووباری سیروان دروست دەكرێن، بە تەواوبوونیان، شارەكە بە تەواوی سەرنجڕاكێش دەبێ.

توانا حەسەن دانیشتووی گەڕەكی جووتیارانی كەلارە و بۆ "وشە" ئەوەی خستە ڕوو، دڵخۆشن كە ئەمساڵ بەهۆی قیرتاوكردنی گەڕەكەكەیانەوە، لە قوڕ و لیتە ڕزگار بوون و ئێستە بە خۆشحاڵییەوە هاتوچۆ دەكەن.

بەڵام ژینۆ محەمەد لە گەڕەكی كەلاری كۆن دەژی كە كۆنترین گەڕەكی شارەكەیە، ئەو بە"وشە" دەڵێ، لە سایەی پڕۆژەكانەوە گەڕەكەكەمان كە پێشتر گوندێك بوو، ئێستە سیمای شارستانیی پێوە دیارە.
 
وشە/ تایبەت



وشە - وشه‌