پەرلەمانتارێك رۆڵی لەتیف رەشید لە پێشنیازی بڕینی بودجە و مووچەی كوردستان ئاشكرا دەكات

:: PM:11:31:15/03/2024 ‌
ئەمشەو حەسیبە سەعید گەردی، پەرلەمانتاری خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە واڵی تایبەتی خۆی لە وەڵامێكدا بۆ لوقمان وەردی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەژێر ناونیشانی "وەڵامێك بۆ لوقمان وەردی و جاشەكانی تریش" نووسیوویەتی، لەسەر زاری خۆتانەوە و لەلایەن "جەعفەر شێخ مستەفا"ەوە ئاشكرا كرا، كە لەلایەن عادل موراد و لەتیف رەشیدی سەركۆماری ئێستەی عێراق پێشنیار بۆ نووری مالیكی كرا بودجە و مووچەی كوردستان ببڕدرێ، بۆ ئەوەی هەولێر بەرانبەریان لاواز ببێت و مەرجەكانیان قبووڵ بكات. 

لە وەڵامەكەی ئەم پەرلەمانتارەی خوولی پێشوو هاتووە، لە سەر زاری خۆتان "جەعفەر شێخ مستەفا" کە ئێستە بەرپرسی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژوەندییەکانی یەکێتییە ئاشکرای کرد، عادل موراد و ئەو لەتیف ڕەشیدەی ئێستە سەرکۆماری عێراقە، لە ساڵی 2014 پێشنیاریان بۆ نووری مالیکی کرد، ئەگەر بودجەی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران ببڕێت، ئەوە هەولێر بەرانبەریان لاواز دەبێ و مەرجەکانیان قبووڵ دەکات.

حەسیبە گەردی روونی كردووەتەوە، ئەوە سەرەتای ئەو قۆناغە بوو، کە یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان بە دەستگرتنی بۆ دوژمنان دەستی پێ کرد، دواتر لە خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر، بە شەهیدکردنی پێشمەرگەکانی خۆیان، ڕێگەیان بۆ تانکەکانی دوژمن کردەوە و کەرکووک و دواتریش نیوەی جوگرافیای کوردستانیان ڕادەستی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران کردەوە، کە ئەوە وەک خاڵێکی ڕەش و درێژبوونەوەی مێژووی پڕ لە خیانەتی یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی تاهەتایە بە نێوچاوانیان دەمێنێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە كە وەك چاودێرێك و ئاگادارێك لە رەوشی سیاسی نووسینەكەی بڵاو كردووەتەوە نووسیویەتی، یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی بوون بە هاندان و دەست لە پشتدانی حەشدی شەعبی، لە ڕێگای ژمارەیەک پەرلەمانتاری جاشهەڵوێست لە بەغدا و هەولێر کە ئێوە یەکێک بوون لێیان، هەروەها ئەو میدیایەی حیزبەکەت پارەیان دەداتێ و ئیتلاعات ئاراستەیان دەکات، بۆ چەندان ساڵ کاریان بۆ ڕادەستکردنەوەی هەموو شتێک بە بەغدا دەکرد، لە ڕێگای گوتارێکی چەواشەکاری، کە ئەگەر نەوت ڕادەستی بەغدا بکرێتەوە ئەوە بودجە و مووچە بەبێ گرفت دەگات. 

"ئەوەی ئێستا ئێران لە ڕێگای دادگای بەناو باڵا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و یەکێتییەوە بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان دەیکات، شەڕی شکاندنی ئیرادە و سڕینەوەی هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستانە، کە بەرهەمی تێکۆشان و قوربانیدانی زیاتر لە سەد ساڵەیە و لە دەستووری هەمیشەیی چەسپێندراون". لە بەشێكی تری نووسینەكەی ئەم پەرلەمانتارەی خوولی پێشوو وا هاتووە. 

گەردی لە كۆتایی نووسینەكەیدا دڵنیایی داوە لە شكستی یەكێتی بەرانبەر ئەو دەستكەوتە كاتییانە و نووسیوویەتی، یەکێتی وەک بەشێک لە جێبەجێ کردنی کارنامەی شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا تەفەرەی شیرینی سەرکەوتنێکی کاتی خواردووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەی لێ دەبێتە ژەهرەمار و باجی خیانەتەکانی دەدات، ئەو شار و خەڵکەش کە ئێستە بە بارمتەی گرتوون، قومار بە مووچە و قووتیان دەکات، بەهۆش خۆیان دێنەوە و تۆڵەی هەموو ئەو ڕۆژە ڕەش و ساتە تاڵانەیان لێ دەکەنەوە، کە یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی بەسەری سەپاندوون.


وشە - پۆڵا مەحموود