مامۆستایەكی زانكۆ: كارەساتە كە سەركۆماری عێراق كوردە و بێدەنگە

:: PM:09:06:16/03/2024 ‌

ئەگەرچی بە پێی دەسەڵاتەكان، پۆستی سەركۆماری عێراق زیاتر تەشریفییە و زیاترین دەسەڵات بە دەستی سەرۆكی حكوومەتە، بەڵام ئەو پارێزەری دەستوورە، لە عێراقی نوێ پۆستی سەركۆمار هەر بە دەستی كوردەوە بووە، كەچی هیچ لەو سەركۆمارانە نەیانتوانی داكۆكی لەسەر مافە دەستوورییەكانی كورد و ئەو مادانەی پێوەستن بە هەرێمی كوردستان بكەن، ئێستەش كە گوشارێكی بەهێزی دادگای فیدراڵی لەسەر هەرێم هەیە، چاودێران پێیان وایە كە بێدەنگیی سەركۆمار كارەساتە. 

د. رێبین سەلام، مامۆستای زانكۆ و توێژەری سیاسی بە "وشە"ی گوت، كارەساتە كە سەركۆماری عێراق كوردە و بێدەنگە، دەبوو هەر بۆ مێژووش بێت قسەیەك بكا و لە ئاست ئەو هەموو ستەمەی بەغدا لە كوردی دەكات بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبێت، كەچی یەك پیتیش ناڵێت و دەمی داخستووە.

روونی كردەوە، بەپێی مادەی 67 دەستوور، سەركۆماری عێراق دەتوانێت هەر كاتێك هەستی كرد دەستوور پێشێل دەكرێت، سكاڵا و ناڕەزایەتی و بەیاننامە دەربكات، بۆیە دەبوو زوو بەرانبەر ئەو هەموو پێشێلكارییەی دەستوور ئەمەی بكردایە.

"هیچ لۆجیكێك لەمەدا نییە كە سەركۆمارێك نوێنەری شەش ملیۆن كورد بێت، كەچی نەتوانێت بە یەك وشە بەرگرییان لێ بكات و فزەی لێوە نایەت، بریا پۆستی سەركۆماری عێراق هەر لە بنەڕەتدا نەبوایە، چونكە لە داهاتوودا دەبێتە لەكەیەك بە ناو چاومان، ئەوە و كە چۆن كورد ئەو پۆستەی هەیە و ئەو هەموو ستەمەشی لێ دەكرێت"، رێبین سەلام مامۆستای زانكۆ وای گوت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت