دەوڵەتی هەوەسبازی.. ئەبوبەكر بەغدادی چۆن مامەڵەی لەگەڵ كچەكانی ماڵەكەی كردووە؟

:: PM:11:49:16/03/2024 ‌

تا ئێستە چیڕۆكی داعش وەك خەونێكی ناخۆش دێتە خەوی قوربانیانی ئەو رێكخراوەی ئاینی كردە چەتری قێزەونترین تاوانەكانی سەردەمی نوێ، لە كوشتن و ئازاردان و ئەتككردن و دەستدرێژیی سێكسی و بە كافر و بە كۆیلەكردن و فرۆشتنی مرۆڤەكان، جیا لە داهێنان لە خۆتەقاندنەوە لەناو خەڵكی بێتاوان و سەربڕین و گرتنی دیمەنی ئەو كارانە، ژمارەیەك كچی رزگاربووی دەستی رێكخراوەكە، زانیاری نوێ لەبارەی سەرۆكی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە ئاشكرا دەكەن.

لە نوێترین قسە و گێڕانەوەی ژمارەیەك كچی رزگاركراوی دەستی رێكخراوی داعش، كە هەینی داهاتوو لە كەناڵەكانی "عەرەبییە" و "حەدەس"ی سعوودییە پەخش دەكرێت، ئەو كچانە كە رێكخراوەكە ئەوانی وەك كەنیزەك لە سەردەمی دەسەڵاتی بردووە، دوو لەو كچانە بەناوەكانی ریهام و روحا باسی ژیانی خۆیان لەو سەردەمەدا دەكەن.

ئەو دوو كچە دەڵێن، ئەبوبەكر بەغدادی دەستدرێژیی سێكسی دەكردە سەر هەموو كچەكان، واتە هەر مێینەیەك بچووبایە ناو ماڵی دەبوایە دەستدرێژی بكرێتە سەر و ئینجا دەفرۆشرا، تەنانەت بەوەندەش نەدوەستان، دایك و منداڵەكان لە تەمەنێكی زۆر بچووك لێك جیا دەكرانەوە.

لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی رابردوو ئەسما محەمەد، هاوسەرێكی ئەبوبەكر بەغدادی، لە دیدارێكی لەگەڵ كەناڵەكانی "عەرەبیە" و "حەدەس"، چەند نهێنییەكی ئاشكرا كرد لەوانە بەغدادی خاوەن چوار ژن بووە كە دوانیان گیراون، جیا لە 11 منداڵ كە چواریان لە عێراق گیراون، دوو ژن و منداڵێكیشی لە تەقینەوەكەی سووریا لەگەڵ خۆی كوژران.

ئەسما كە لە 1999 هاوسەری بەغدادییە دەڵێت، لە 2004 بەغدادی لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكا گیرا، دوای دوو ساڵ لە ئازادكردنی، بیركردنەوەی گۆڕا، دوای ئەوەش بووە سەركردەی رێكخراوی داعش، تووشی لەخۆبایی بوو، بەڵام لە درۆنەكانی ئەمەریكا زۆر دەترسا، بەغدادی زیاتر لە 10 كەنیزەكی ئێزدی هەبوو، ئەو هاوسەرگیری لەگەڵ كچۆڵەیەك كرد كە تەمەنی نەگەیشتبووە 13 ساڵ و لە تەمەنی كچەكانیدا بوو، بەغدادی و سەرانی داعش تامەزرۆی ژن بوون و "دەوڵەتی خەلافەت"یان كردبووە دەوڵەتێكی ژنان، ئەوان هەموو سنوورێكی مرۆییان تێپەڕ كرد و بەدوای هەوەسبازیی خۆیان كەوتبوون.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل