د.عەبدولواحید: بەهۆی نەخستنەوەی منداڵ داهاتووی كورد لە عێراق لە مەترسیدایە

:: AM:09:48:17/03/2024 ‌
لێكۆڵەران پێیان وایە كورد لە داهاتووی عێراق لەڕووی ژمارەوە، تا بێت كەمتر دەبێتـەوە، عەرەبیش بەردەوام زیاد دەكات. پزیشكێكی كوردیش دەڵێت، ئەو دیاردەیەی هاتووەتە ناو كۆمەڵگەی كوردی، مەترسییەكی نوێیە و مەترسییە بۆ داهاتووی كورد لە عێراقدا.

د. عەبدولواحید محەمەد كە پزیشكێكی دیار و بانگخوازێكی بەناوبانگی كوردە، لە گوتارێكیدا باس لە مەترسیی ئەو دیاردە نوێیە دەكات و دەڵێت، ژن و پیاوی ئێستەی كورد نایانەوێت منداڵی زۆریان هەبێت، ژن ئێستە بەهۆی ئەم دنیا نوێیەوە كە تێی كەوتووە، فێری ئەوە بووە لە یەك منداڵ زیاتر بەخێو نەكات، بەڵام جاران ژن و پیاوی كورد جگە لەو ژیانە زەحمەتەی تێیدا بوون، بەڵام ژمارەیەكی زۆر منداڵیان دەخستەوە.

ئەو پزیشكە ئاماژە بەوە دەكات، ئەمە وا دەكات ساڵانی داهاتوو كورد ژمارەی كەم بێتەوە، ڕێژەی گەنج كەم بێت، لە بەرانبەریشیدا عەرەب هەر خێزانێكی چەندان منداڵ دەخەنەوە، ڕەنگە هەر پیاوێكیش چەندان ژن بێنێت، بۆیە ئەوان زیاد دەبن و ئێمەش كەم دەبینەوە، ئەوەش مەترسییەكی نوێیە لەسەر ژمارەی كورد لە داهاتووی عێراقدا.

لە خولەكانی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا، ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی باسی لەو مەترسییە كردبوو، پڕۆژەیەكی پێشكەشی لایەنە پێوەندیدارەكان كردبوو، لەو پڕۆژەیەدا ئاماژەی بەمەترسی نەبوونی منداڵ لەناو خێزانی كوردا دابوو.

هێڤیدار ئەحمەد لە ڕاگەیەندنەكانیشدا گوتی، داهاتووی كوردستان لەڕووی ژمارەوە بەهۆی ئەوەی ژن و پیاوی كورد وازیان لە خستنەوەی منداڵ هێناوە لە مەترسیدایە.

لە ساڵی 2022 لە عێراق زیاتر 903 هەزار منداڵ لە دایك بوون، بەڵام لە كوردستان 161 هەزار منداڵ لە دایك بوون. 

ئەم دیاردەیە ماوەیەكی زۆرە لێرەولەوێ مشتومڕی لەسەر دەكرێت، بەیەكێك لە مەترسییە نوێیەكان دادەنرێت، بەڵام دواجار مرۆڤ ئازادیی ئەوەی هەیە كە چەند منداڵ بخاتەوە، ئەوەش بەپێی هەلومەرجی ئابووری و سیاسی و تەناهیی وڵاتەكە، ژن و پیاو بڕیاری لەسەر دەدەن.



وشە - سۆران عەزیز