گه‌ڕێكی تری دانوستانه‌كانی غه‌زه ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه و حه‌ماس داوای كردووه، ئاگربه‌ستێكی هه‌میشه‌یی ڕابگه‌یه‌نرێت پێش ئه‌وه‌ی دیل و به‌ندكراوه‌كانی نێوان هه‌ردوولا ئاڵ‌وگۆڕیان پێ بكرێت.
بڕیاره ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 17ی ئادار له ڕۆژهه‌ڵاتی قه‌ته‌ر، گه‌ڕێكی تری دانوستانه‌كانی ئاگربه‌ست بۆ شه‌ڕی غه‌زه ده‌ست پێ بكاته‌وه، گرنگیی ئه‌م گه‌ڕه نوێیه‌ی دانوستانه‌كان له‌وه‌دایه هه‌ریه‌ك له سه‌ركرده دیاره‌كانی ئیسرائیل و حه‌ماس، بۆ یه‌كه‌مین جاره ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه و پێكه‌وه گفتوگۆی ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست ساز ده‌كه‌ن له مانگی ڕه‌مه‌زان.
له پێش ڕه‌مه‌زان لایه‌نه‌كان نزیك بوون له‌وه‌ی
بگه‌نه ڕێككه‌وتن بۆ كۆتاهێنان به شه‌ڕی غه‌زه و ئاگربه‌ستنی كاتی بۆ ماوه‌ی شه‌ش هه‌فته له به‌رانبه‌ر ئاڵوگۆڕی دیله‌كان، به‌ڵام حه‌ماس ڕه‌تی كرده‌وه به ئاگربه‌ستی كاتی ڕازی بێت و داوای ئاگربه‌ستی سه‌رانسه‌ری و هه‌میشه‌یی ده‌كات، حه‌ماس ترسی له‌وه لێ نیشتووه دوای ئازادكردنی دیله ئیسرائیلییه‌كان، ته‌لئه‌بیب ئاگربه‌ست بشكێنێت و ده‌ست بكاته‌وه به هێرش بۆ سه‌ر بزووتنه‌وه‌كه، ئێسته هه‌ردوولا مه‌رجه‌كانی خۆیان سووكتر كردووه و ده‌ستیان به دانوستان كردووه‌ته‌وه.
حه‌ماس پلانێكی نوێی پێشكه‌ش كردووه بۆ كۆتاهێنان به شه‌ڕه‌كه به شێوازێكی یه‌كجاری به سێ قۆناغ، له قۆناغی یه‌كه‌مدا حه‌ماس بۆ شه‌ش هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ئاگربه‌ست ڕاده‌گه‌یه‌نێت و 36 ژن و پیری به دیلگیراو ئازاد ده‌كات، له به‌رانبه‌ر ئازادكردنی 350 به‌ندكراوی فه‌له‌ستینی كه له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه زیندانی كراون، پاشان حه‌ماس به لایه‌نی كه‌مه‌وه پێنج ژنه سه‌ربازی ئیسرائیلی ئازاد ده‌كات له به‌رانبه‌ر ئازادكردنی 50 به‌ندكراوی فه‌له‌ستینی، هه‌روه‌ها ئیسرائیل له دوو شه‌قامی سه‌ره‌كی غه‌زه ده‌كشێته‌وه و ڕێ به ئاواره‌كانی ناوخۆی كه‌رتی غه‌زه ده‌دات بگه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان له باكوری كه‌رته‌كه، هه‌روه‌ها ڕێ به گه‌یاندنی هاوكارییه مرۆییه‌كان ده‌درێت بۆ باكوری كه‌رته‌كه.
له قۆناغی دووه‌می یاداشته‌كه‌ی حه‌ماسدا هاتووه، هه‌ردوولا ئاگربه‌ستی هه‌میشه‌یی ڕاده‌گه‌یه‌نن و هه‌موو دیل و به‌ندكراوه‌كان ئاڵوگۆڕ ده‌كرێن، له قۆناغی سێیه‌میشدا حه‌ماس هه‌موو ته‌رمه ئیسرائیلییه‌كان ده‌داته‌وه ئیسرائیل و له به‌رانبه‌ردا پرۆسه‌ی دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی غه‌زه ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه، بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆكی كابینه‌ی جه‌نگی ئیسرائیل، ده‌ستبه‌جێ پلانه‌كه‌ی حه‌ماسی ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه و به ناواقیعی له قه‌ڵه‌می داوه، به‌ڵام ڕه‌زامه‌ندیی داوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دانوستانكاره ئیسرائیلییه‌كان ڕه‌وانه‌ی غه‌زه بكات بۆ گفتوگۆ.
نه‌ته‌نیاهۆ سووره له‌سه‌ر گرتنی شاری ڕه‌فه‌ح كه زۆر له ئاواره‌كانی له‌خۆ گرتووه و ئه‌مه‌ریكا و ڕۆژئاوا هۆشدارییان داوه‌ته كابینه‌ی جه‌نگ، ئه‌و هێرشه ئه‌نجام نه‌دات و به‌مدواییه جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هێرشكردنه سه‌ر شاری ڕه‌فه‌حی وه‌ك هێڵی سوور دانا بۆ نه‌ته‌نیاهۆ، به‌ڵام ئیسرائیل سووره له‌سه‌ر كۆتاهێنان به حه‌ماس و ئاگربه‌ستی هه‌میشه‌یی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه.
ماوه‌ی شه‌ش مانگه شه‌ڕی غه‌زه به‌رده‌وامه و تا ئێسته زیاتر له 31 هه‌زار كه‌سی سڤیل له كه‌رتی غه‌زه بوونه‌ته قوربانی، ئیسرائیل به سه‌رۆكایه‌تیی بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ، به‌نیازه هێرش بكاته سه‌ر شاری ڕه‌فه‌ح كه له‌سه‌ر سنووری میسره و ئاواره‌یه‌كی زۆری كه‌رتی غه‌زه‌ی له‌خۆ گرتووه.