چەواشەكاریی نوێنەری مامۆستایان لە بەغدا ئاشكرابوو

:: PM:01:34:17/03/2024 ‌
دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، رەتی كردەوە بڕیار لەبارەی داوایەكی یاسایی تایبەت بە راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی ئادار، دوای تەواوبوونی دانیشتنی دادگای فیدراڵی و پێش دەرچوونی هیچ بڕیارێك، ئەو كەسانەی خۆیان بە نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەران دەزانی، بڵاویان كردەوە كە دادگای فیدراڵی بڕیاری پلە بەرزكردنەوەی داوە.

بەڵام دواتر دادگای فیدراڵی روونكردنەوەی دا، ئەو داوایەی رەت كردووەتەوە كە لەبارەی راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاراستەی كرابوو.

لە بڕیاری دادگادا هاتووە، داواكە لە چوارچێوەی تایبەتمەندیی دادگاكەدا نییە.

لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەك مامۆستا و فەرمانبەر لە دادگای باڵای فیدراڵی، داوایەكی یاساییان لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمار كرد و داوایان كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بكرێت بە جێبەجێكردنی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتیی ژمارە 22ی ساڵی 2008ی فیدراڵیی هەمواركراو، ئەو بڕیارانەش پووچەڵ بكاتەوە كە تێیدا پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی راگیراوە.

ئەمڕۆش دوای چەندان جار لە دواخستنی دانیشتنەكانی دادگا تایبەت بەو دۆسیەیە، رەتی كردەوە بڕیاری لەبارەوە بدات.



وشە - رامیار جەواد