عێراق چۆن وەڵامی داوكارییەكانی توركیا دەداتەوە؟

:: PM:07:36:17/03/2024 ‌

هەفتەی رابردوو كۆبوونەوەیەكی تەناهی لە نێوان دوو شاندی باڵای عێراق و توركیا لە بەغدا بەڕێوە چوو، ئەوان لەسەر پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی هاوبەش و هەمیشەیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پەرەپیدانی پێوەندیی ئابووری رێك كەون، دووپاتیان كردەوە كە پەكەكە هەڕەشەیە بۆ سەر هەدوو وڵات.

بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژە دەكات كە ئەنقەرە بەنیازە لە سەرەتای هاوینی داهاتوو ئۆپراسیۆنێكی فرەوانی سەربازی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان و عێراق ئەنجام بدات، ئەنقەرە دەیەوێ ناوچەیەكی دابڕاوی تەناهی لەناو سنووری عێراق لەسەر سنوورەكانی دروست بكات، پێشنیازی بۆ عێراق كردووە كە بەشداری لە ئۆپراسیۆنەكەی بكات و بەیەكەوە بوونی پەكەكە لە عێراق كۆتایی پێ بێنن. 

ئەو بەرپرسە دووپاتی كردەوە، توركیا ئاماژەی بە عێراق داوە كە بەشدار بێت یان نا ئەو ئۆپراسیۆنەكەی ئەنجام دەدات، ئەوەش وەك بەرگریكردن لەخۆی بەرانبەر هەڕەشەكانی پەكەكە، بۆیە ئەو قسانەی باس لە گەیشتنی هەردوولا بە لێكتێگەیشتن دەكەن راست نین، چونكە عێراق تەنیا بەڵێنی وەڵامدانەوەی بە توركیای داوە و ئێستە راوێژ دەكات. ئەوەی هەیە توركیا دۆسیەكانی ئابووری و بازرگانی و ئاو و هاریكاریی تەناهی لەگەڵ عێراقی بە نەهێشتنی پەكەكە بەستووەتەوە.

لای خۆیەوە عەبدوڵا روكابی، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، حزبە شیعەكانی نزیك لە ئێران بە رێككەوتنی بەغدا و ئەنقەرە لەسەر میكانیزمێكی هاوبەش لە دژی پەكەكە رازی نین، چونكە بەرژەوەندیی ئەوان وا دەخوازێت پارێزگاری لە بوونی پەكەكە بكەن.

لای خۆیەوە د. غازی فەیسەڵ، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی ستراتیجی دەڵێت، ئەمڕۆ پەكەكە لەلایەن ئێران و ژمارەیەك میلیشیاكانییەوە پاڵپشتی دەكرێت، بەتایبەتی لە شنگال، كە گرنگترین خاڵ و رێگەی ستراتیجییە كە ئێران بە سووریا و لبنان دەبەستێتەوە و لەو رێگایەوە چەك و شەڕوان و تەقەمەنی بۆ ئەوێ دەگوازێتەوە. 

دووپاتی كردەوە، بۆ ئەوە بڕیارە سەرۆكی توركیا لەكانی سەردانی بۆ عێراق لەگەڵ سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیش كۆ ببێتەوە، چونكە پاڵپشتی لە پەكەكە دەكەن، جیا لەوە توركیا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە پاڵپشتیی پەكەكە تۆمەتبار دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل