شیعە چاوی لەسەر پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدینە

:: PM:08:11:17/03/2024 ‌

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق لە 18ی كانوونی یەكەمی رابردوو بەڕێوە چوو، پۆستی پارێزگارەكانی لە سێ پارێزگە كێشەی تێ كەوت، لەوانە لە كەركووك و دیالە و سەڵاحەدین، ئەوەی سەڵاحەدین چارەسەر بوو و ئەمڕۆ پارێزگارێكی بۆ دیاری كرا، شرۆڤەكارێكی سیاسی نهێنیی پشت چارەسەربوونی كێشەی پارێزگاری ئەو پارێزگایە ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەم ئەنجوومەنی پارێزگەی سەڵاحەدین بە كۆی دەنگ بەدر فەحل، سەركردە لە حزبی جەماهیری وەتەنی وەك پارێزگاری سەڵاحەدین هەڵبژارد، ئەوەش دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو سەركۆماری عێراق ئەحمەد جبووری، ئەمینداری حزبەكەی وەك پارێزگار پەسند نەكرد.

بەپێی زانیارییەكان رێككەوتنی حزبە سیاسییەكان بووە هۆی یەكلابوونەوەی پۆستی پارێزگار لە دوای چەند هەفتەیەك لە ناكۆكی، باسی دەستەوارەیەك لەگەڵ هێزە سیاسییە شیعەكان  دەكرێت، سەیف سەعدی، شرۆڤەكاری سیاسی لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس دەڵێت، رازیبوون بە كاندیدبوونی بەدر فەحل بۆ پۆستی پارێزگار، لە ئەنجامی دەستەوارەیەكە لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە.

دووپاتی كردەوە، لەبەرانبەر ئەو تێپەڕاندنەی پۆستەكە، پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین دەدرێتە چوارچێوە و شیعە، كە ئەوەش یەكەم جارە لە ماوەی خولەكانی پێشوو روودەدات، جیا لە بەڵێندان لە هەڵنەدانەوەی دۆسیەكانی پێشوو. 

ئەنجوومەنی پارێزگەی سەڵاحەدین لە 15 كورسی پێك هاتووە، لە دوای هەڵبژاردنی 18ی كانوونی یەكەم ئەنجوومەنەكە پێش پارێزگاكانی تر دانیشتنی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا ساز كرد، بەڵام لە دانیشتنەكە بووە شەڕە بۆكس و كورسی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل