چاودێرێكی سیاسی بۆ یەكێتی و كلدانی: كەركووك لەدەست كێ ئازاد كرا؟

:: PM:08:38:17/03/2024 ‌

لە ماوەی دوایی ئەوانەی یەكێتی زیاتر لە كورد پشتی پێ دەبەستن، لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەكانی حەیایان برد، بێمنەتیی خۆیان لەو كارانە پێشان دا كە یەكێتی بە حیسابی خۆی بۆ ئەوانی كردووە، مامۆستایەكی زانكۆ پێی وایە كە كەركووك ناسنامە و خاكی كوردە و مایەیی نیگەرانییە كە رەیان كلدانی دەڵێ یەكێتی هاوكارمان بووە كە كەركووك ئازاد بكەین، ئەو دەپرسێت، ئاخۆ كەركووكیان لە دەستی كێ ئازاد كردووە؟

لەمبارەیەوە كاوە ئەحمەد، مامۆستای زانكۆ و نووسەر و چاودێری سیاسی بە"وشە"ی راگەیاند، كەركووك مێژووی كورد و ناسنامەی كوردستانە، بۆیە بۆ هیچ كەس و لایەنێك نییە ئەو شارە بە هی خۆی بزانێت، كە جگە لە كورد كەس خاوەنی نییە و گەلێك قوربانی بۆ داوە.

روونی كردەوە، راكان جبووری یان رەیان كلدانی و هەر ناحەزێكی تری كورد قسەی لەسەر بكات، ئەوا قسەكەی بەتاڵ و بێمانایە، بەڵام مایەی نیگەرانییە كە كلدانی ئاماژە بەوە دەكات كە یەكێتی بۆ ئازادكردنی ئەو شارە هاوكاری كردوون، ئاخۆ ئەو شارە لەدەست كێ ئازاد كرا؟ ئێستە هیچ گومانێك لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ماوەتەوە كە قسەی لەسەر بكەین؟، ئەوەتا بە ئاشكرا كلدانی دەڵێت، بۆ داگیركردنی كەركووك یەكێتی هاوكاری كردووین.

"هەر كەس و لایەنێك لەو لایەنە عەرەبییانە كە قسە لەسەر حزب و لایەنە كوردییەكان و خاكی كوردستان بكەن، بێگومان مەبەستیان دروستكردنی ناكۆكی و ناتەباییە لە نێوان كورد، بۆیە دەبێ سەركردەی ئەو حزبانە بەخۆیاندا بچنەوە و رێگە نەدەن جارێكی تر لەلایەن خەڵكانی بێ ئاستەوە بەو شێوە ناپەسەند و نادروستە باس بكرێن"، كاوە ئەحمەد وای گوت.

جێی باسە رۆژ دوای رۆژ دەردەكەوێت كە ناحەزانی كورد سوود لە یەكێتی و هەڵوێستەكانی لە ناوخۆی كوردستان و لە بەغداش دەبینن و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكاری دێنن، لەوەش خراپتر دوای بەكارهێنانی، بێمنەتیی خۆیان لێ دەردەبڕن، لەوانەش رەیان كلدانی، كە لە ماوەی دوایی لە میدیاكان پەردەی لەسەر هەندێك هەڵوێستی یەكێتی هەڵدایەوە و باسی لە رێككەوتننەكانی لەگەڵ ئەو حزبە كرد.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت