مەسروور بارزانی: لە پێوەندیداین لەگەڵ سوودانی و بانکی ناوەندی بۆ سیستمی بانکی

:: PM:08:42:17/03/2024 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان لەگەڵ شاندێکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد و بانکی ئوردنی کوەیتی کۆ بووەوە کە بە سەرۆکایەتی ماجید ئەلساعدی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغدا بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا کە عەبدولکەریم ئەلکەباریتی سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئوردن و ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغدا بەشداربوو، گفتوگۆ لەبارەی هەلەكانی ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا، لە پێناو پێشخستنی سیستمی بانکی و پەرەپێدانی ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێم لە بواری سیستمی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و پارەدانی ئەلیکترۆنی، هەروەها باسی لە بەردەوامبوونی پڕۆژەی (هەژماری من) کرد و ئاماژەی بەوە دا، لە پێوەندیداین لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و پارێزگاری بانکی ناوەندی لەبارەی چەند دەستپێشخەرییەکی پێوەندیدار بە پێشخستنی سیستمی بانکی بە هاوئاهەنگی و بەپێی مەرج و رێنوێنییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق.

شاندەکە سەرسامی خۆیان بەرانبەر ئاست و پێشڤەچوونی پڕۆژەی (هەژماری من) و دیدگای سەرۆک وەزیران لەبارەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و پێشخستنی سیستمی بانکی نیشاندا. 

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازی بانکیدا. 


بانکی بەغدا، یەکێکە لە گەورەترین بانکە بازرگانییەکانی عێراق و یەکەمین بانکە لە عێراقدا کە لە ساڵی 1992 لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنی پێدراوە. بانکی ئوردنی کوەیتی، بانکێکی ئوردنییە و لە چەندان وڵاتی عەرەبی لقی هەیە.


وشە - وشه‌