كەناڵ 8 ددانی بەوەدا نا كە یەكێتی بەشدارە لە مووچەبڕینی خەڵكی كوردستاندا

:: PM:01:06:18/03/2024 ‌
دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە دا، لایەنێكی ناو حكوومەت لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن، ڕێنیشاندەری ناحەزانن بۆ برسیكردنی خەڵكی كوردستان، كەناڵ 8ی زمانحاڵی بافڵ تاڵەبانی پەیامەكەی بڵاو كردەوە، بەڵام ئەو بەشەی لێ بڕیوە.

وەك لە وێنەكاندا دیارە، كەناڵ 8ی ئەو بەشەی پەیامەكەی حكوومەتی هەرێمی بڕیوە كە باسی "بەشداری لایەنێكی پێكهێنەری حكوومەتی هەرێم دەكات" لە رێنیشاندانی ناحەزانی كوردستان بۆ برسیكردنی مووچەخۆر، بەوەیش كەناڵەكە ئاشكرای كرد كە ئەو لایەنە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" لە كەناڵ 8 دەستی خستووە، سیستمی ئیشكردنی كەناڵەكە بۆ پرسە سیاسییەكان وایە كە هەموو شتێك بە پرسوڕای سەرووی خۆیان بڵاو دەكەنەوە، بەوەیش ڕوون دەبێتەوە كە رێنوێنی كراون ئەو بەشەی بەیاننامەكەی حكوومەت ببڕن.

پرسی مووچەبڕین و یەكێتی مێژوویەكی درێژتری هەیە، پێشتر شێخ جەعفەر شێخ مستەفا سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، ددانی بەوەدا ناوە كە لە شوباتی 2014یش نووری مالیكی، بە بیرۆكەی چەند سەركردەیەكی یەكێتی بودجەی كوردستانی بڕی.

ئێستە كە كوردستان لەژێر گوشاری توندی نەیارانیدایە و كارتی مووچە كە هیچ دكتاتۆرێكیش لە مێژوودا دەستی بۆ نەبردووە، بەتەواوی ژیانی هەرێمەكەی كردووەتە ئامانج، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لە یەكەم كابینەی حكوومەتەوە هەمیشە نیوەی حوكمڕانی كوردستانی لا بووە، خۆی لەو بەرپرسیارێتییە دزیوەتەوە و تەنانەت یەك وشەی نییە بەرانبەر بەغدا، بەڵكو بووەتە بەشێك لەو پاكێجە دوژمنكارییەی دژی خەڵكی كوردستان بەگەڕ خراوە، هەمیشە بە لێدوانەكانیان دژی ناوخۆی كوردستان، قەیرانەكان قووڵتر دەكەنەوە.

لە رۆژانی ڕابردوویشدا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی كوردستان، لە دیمانەیەكی كەناڵی "كەی ئێن ئێن"دا، وەڵامی مانۆڕێكی چەواشەكارانەی سەعدی پیرە گوتەبێژی یەكێتی دایەوە كە گوتی، "یەكێتی لەگەڵ دابەشكردنی مووچەدایە". وەزیرەكە بە ڕوونی گوتی، بەشێكی كێشەكانی مووچە و لیستەكان پێوەندی بە یەكێتییەوە هەیە، ئەگەر ئەوان لە مووچە حزبییەكانیان خۆش دەبن كە خراوەتە سەر هێزی پێشمەرگە، ئەوا بەشێكی گەورەی كێشەی مووچە چارەسەر دەبێت و حكوومەتیش سوپاسیان دەكات.



وشە - وشه‌