گوتەبێژی بزووتنەوە: یەكێتی و لایەنەكانی تریش با وەك پارتی هەڵوێستیان هەبێت

:: PM:07:31:18/03/2024 ‌
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان رای دەگەیەنێت، پێویستە دادگای فیدراڵی بوەستێنرێ‌ و هەر زوویش دژایەتی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیمان كرد.

سەعد مەلا عەبدوڵا گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی، بۆ "وشە" ڕای گەیاند، زوو رامانگەیاندووە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی هێندەی دژایەتی قەوارەی یاسایی كورد دەكات وەك نەتەوە بابەتێكی یاسایی نییە، پێویستە دادگای فیدراڵی بوەستێنرێت.

زیاتر گوتی، بڕیارەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە باش دەزانین و دەبوو هەموو حزبانەی بوونیان هەیە لە پەرلەمان و حكوومەت لە بەغدا وەك هەڵوێست بكشێنەوە، بە كشانەوەی كورد بە كۆدەنگی هۆكارێكی كاریگەر دەبێت بۆ بەخۆداچوونەوەی سەرانی عێراق.

هەروەك دووپاتی كردەوە، یەكێتی و هەموو لایەنەكانی تریش بایكۆتی عێراق بكەن، ئەمڕۆ باشترە لە بەیانی، دەبوو زووتر ئەو هەنگاوە بندرایە.

"لە بڵندگۆى ئێوەوە بەناوى بزووتنەوەى ئیسلامییەوە، داوا دەکەم لایەنە سیاسییەکان لە ئاستى لووتکەدا، لە بەیانییەوە کۆبونەوە بکەن بۆ بڕیاردان لەسەر دیارى کردنى چارەنووسى داهاتووى هەرێمى کوردستان، خۆمان بڕیار لەسەر داهاتووى خۆمان بدەین نەک دادگاى فیدراڵى بڕیار لەسەر کوردستان بدات، وە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو دادگایە لەبارەى پرسى هەڵبژاردنەکان بڕیارێکى کۆدەنگى بدەن، دادگاى فیدراڵى ناچار دەبێت بێتە ژێربار چونکە بڕیارەکانى دادگا سیاسییە نەک یاسایی". گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی واى گوت.

ئەوە لە كاتێكدایە كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ بڕیاری دا بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات و قبووڵ نەكات سیستمێكی سەپێنراو هەبێت و هەڵبژاردن بەرێوە ببات. 

هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ



وشە - وشه‌