كریستیانەكان پاڵپشتی لە بڕیاری پارتی دەكەن لەبارەی بایكۆتی هەڵبژاردن

:: PM:09:24:18/03/2024 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەم پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند كە ناچێتە ژێر باری پەسەندكردنی بڕیاری نادەستووری و سیستمێكی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەكانی و بەشداری هەڵبژاردنێك ناكا كە بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمیكی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت، پێكهاتە و لایەنە كوردستانییەكان پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەڵوێستەكەی پارتی دەردەبڕن، كریستیانەكان لە راگەیەندراوێكدا پاڵپشتی بۆ بڕیارەكەی پارتی دووپات دەكەنەوە.

لایەنە كریستیانەكان راگەیاندنێكی هاوبەش دووپاتیان كردەوە كە پشتگیری لە بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردن لەلایەن پارتییەوە دەكەین، بڕیاری كریستیانەكان و توركمان و دواتر بڕیاری یەكلاكەرەوەی پارتی، وەك یەكەمین و گەورەترین هێزی جەماوەری و سیاسیی كوردستان، هەنگاوێكی چارەنووسسازە لەپێناو پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و پاراستنی بنەماكانی دیموكراسی و دەستوور و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و سروشتی فیدراڵی عێراق.

لە راگەیاندنەكەدا هاتووە، وەك نوێنەرانی كریستیانەكان لە كلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن لە هاوپەیمانی حەمورابی و هاوپەیمانی یەكێتیی نەتەوەیی و دەستەی باڵای سیاسیی كلدانی، بە چاوی رێزەوە لە بەیاننامەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڕوانین و پشتگیری لە بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەین، كە لەژێر واقعێكی نادەستووری و نایاسایی و سیستمێكی نادادپەروەرانەی سەپێنراو ئەگەری بەڕێوەچوونی هەیە.

بڕیاری كریستیانەكان و توركمان و دواتر بڕیاری یەكلاكەرەوەی پارتی دیموكراتی كردستان، وەك یەكەمین و گەورەترین هێزی جەماوەری و سیاسی كوردستان هەنگاوێكی چارەنووسازە لەپێناو پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و پاراستنی بنەماكانی دیموكراسی و دەستوور و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و سروشتی فیدراڵیی عێراقە.

لێرەدا سوپاسی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی دەكەین، كە جارێكی تر ئەوەیان سەلماند كە لە گشت قۆناغە ئەستەم و چارەنووسسازەكاندا، یەكەمین و بەهێزترین داكۆكاری راستەقینەن لە بەهاكانی دیموكراسی و  پێكەوەژیان و قەواری فیدراڵی و دەستووری كوردستان و عێراق.

جارێكی تر وەك نوێنەرانی كریستیانەكان لە كلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن، دووپات لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە لە هەرێمی كوردستان دەكەینەوە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە دامەزراوە یاسایی و دەستووری و دادوەرییەكانی هەرێمی كوردستان و بە یاسایەكی كوردستانی و بە رێكخستنی كۆمسیۆنێكی بێلایەنی كوردستانی و بەبێ دەستوەردانی دەرەكی، كە هەڵبژاردنێكی كوردستانی بێت و بۆ گشت كوردستانییەكان بێت، بە یاسایەكی كوردستانی نەك یاسایەكی سەپێندراوی هاوردەكراوی دەرەكی.

بۆیە پشتگیری لە بەیاننامەی پارتی و لە گشت هەنگاوەكان لەپێناو پاراستنی دیموكراسی و بێلایەنیی دامەزراوەكانی یاسایی و پاراستنی دەستووری عێراقی فیدراڵ دەكەین، دژ بەر هەر بڕیارێكیش دەوەستینەوە كە دەبێتە ئەگەری تێكدانی سیستمی فیدراڵی و دیموكراتی عێراق لەبەر ئەوەی ئەمەی ئەمڕۆ وەك واقیع و دەستوور بەرقەرارە، بەرهەمی خوێنی پیرۆزی سەتان هەزار شەهیدی سەربەرزی ئەم نیشتمانەیە.

حزبی ئەنجوومەنی نەتەوەیی كلدان.
 
حزبی بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریان .

لیژنەی ئیدارەی تائیفەی ئەرمەن.

رەوتی شلاما بۆ كاروباری كریستیانەكان "كەلدان سریان ئاشووری و ئەرمەن ".

حزبی یەكێتی دیموكراتی كلدان.
 
هاوبەندی جیهانی كلدان.
 
كۆمەڵەی ئەرمەن.
 
هاوپەیمانی حەمورابی- عێراق.

هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی- هەرێمی كوردستان.

دەستەی باڵای سیاسیی كلدانی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل